ھەژماری بانکی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە کار
"فەرمانبەران دەتوانن لە ماڵی خۆیان داخڵی سیستمەمەکە بن"
K24 - هەولێر
دروستکردنی ھەژماری تایبەتی بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان قۆناغی باشی بڕیوە و ئێستا سیستمەکە لە قۆناغی تێستکردندایە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا بکەوێتە کار. سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، سیستمەکە قۆناغێکی گرنگە لە بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و کەمکردنەوەی رۆتین لە فەرمانگەکان.
لە دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە کرایەوە، کە دروستکردنی سیستمی بانکی زیرەک بۆ فەرمانبەران خێرا بکرێت و بڕیاریش درا بە دروستکردنی ھەژماری بانکی تایبەت بە ھەر فەرمانبەرێکی حکومەت.
هیوا ئەفەندی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە کوردستان24ی راگەیاند: "داتای کەسیمان کۆکردووەتەوە و ئێستا وەک قۆناغی تێست بۆ نیو ملیۆن کەس کارتی بێهاوتای کەسی دروستکراوە، کاتێک تێستەکان بە سەرکەوتووی تەواو بوو، خەڵک دەتوانێت لە ماڵی خۆیان داخڵی ئەو خزمەتگوزارییانە بن کە بۆیان ئامادە دەکرێت، هەر ئەو ژمارەیەش دەبێتە ژمارەی بانکی".
دروستکردنی ئەو ھەژمارە بانکییە بۆ فەرمانبەران قۆناغێکی گرنگە، بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمی مووچە و دابەشکردنی ئاسانکاری زیاتر، بۆ فەرمانبەران دەکات و رۆتینی فەرمانگەکان کەمدەکاتەوە.
بە گوتەی پسپۆرانی ئابووری، بە دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران کێشەی دوو مووچەیی و چەند گرفتێکی دیکەی دابەشکردنی مووچە چارەسەر دەبن و بابەتی دابەشکردنی مووچەش خێراتر دەبێت، بە تەواو بوونیشی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگ دەھاوێژێت بۆ بە ئەلیکترۆنکردنی دامەزراوەکانی.
لەوبارەوە د.محەمەد عەلی، ئابووریناس دەڵێ: "دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران و حکومەت بۆ هەردوولا گرنگە، حکومەت دەتوانێت قەرزەکانی خۆی کە لەسەر هاووڵاتییانە راستەوخۆ وەرگرێتەوە، بۆ فەرمانبەرانیش پێویست ناکات لە دامودەزگاکان چاوەڕێی وەرگرتنی مووچە بکەن، بەڵکو دەتوانن لە بانکەکان وەربگرن".
دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، قۆناغێکی گرنگە بۆ ئاسانکاری زیاتری دامەزراوەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی سەر دامەزراوەکان. ئەمە جگە لەوەی قۆناغی دروستکردنی سیستمی کارتی زیرەک بۆ ھاووڵاتیانیش دەستیپێکردووە لە چوارچێوەی سیستمی بایۆمەتری، بەگوتەی بەڕێوبەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە ماوەیەکی کورتدا سەرجەم بانک و دامەزراوە داراییەکان داخڵی ئەو سیستمە دەکرێن، بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواو بوونی کارتی زیرەکی فەرمانبەراندا دەست بەکارکردن بە سیستمەکە بکرێت.