گازپڕۆم: بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی سەرقەڵا گەیشتووەتە نزیکەی 30 هەزار بەرمیلی رۆژانە
لە 10 ساڵدا نزیکەی 5 ملیۆن تۆن نەوتی بەرهەمهێناوە

k24 - هەولێر
كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی سەرقەڵا گەیشتووەتە نزیکەی 30 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، لە مانگی نیسانیدا چوارەم بیریان لە کێڵگەی سەرقەڵا هەڵکەند، ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و باشترکردنی ئاستی کێڵگەکە هەبووە.
کۆمپانیای گازپڕۆم خاوەنداری 40٪ـی پشکەکانی کێڵگەی سەرقەڵا لە گەرمیان و 80٪ کێڵگەی شاکەل لە هەڵەبجە دەکات.
ئەو کۆمپانیا رووسیە ئاشکرای دەکات، ساڵی رابردوو، زیاتر لە 1.2 ملیۆن تۆن نەوتیان لە کێڵگەی سەرقەڵا بەرهەمهێنانەوە. هەروەها لە دەستپێکی کارەکانیاوە لە 10 ساڵدا لە کێڵگەکە نزیکەی 5 ملیۆن تۆن نەوتیان بەرهەمهێناوە.