تاڵیبان شاری جەلال ئابادی ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد

دەروازەیەک لەگەڵ پاکستان کەوتووەتە ژێر دەستی تاڵیبان

چەکدارێکی بزووتنەوەی تاڵیبان
چەکدارێکی بزووتنەوەی تاڵیبان

K24 - هەولێر

بزووتنەوەی تاڵیبان شاری جەلال ئابادی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان و دەروازەیەکی لەگەڵ پاکستان کۆنتڕۆڵکرد.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ بەیانی بزووتنەوەی تاڵیبان بەبێ شەڕ شاری جەلال ئابادی کۆنترۆڵکردووە، لەگەڵ دەروازەیەکی سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان.

دوێنێش چەکدارانی تاڵیبان شاری مەزار شەریف و هەرێمی دایکەندی و کونار و لوغمانیان لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ کرد و لە کۆی 34 ویلایەت 26 ویلایەتیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و ئێستا بەرەو کۆنترۆڵکردنی کابوول هەنگاو دەنێن.

لەلایەکی دیکە و پەیوەست بە دۆخی ئەفغانستان جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەگەر تاڵیبان بەرژەوەندییەکان و تاکەکانی ئەمەریکا بکاتە ئامانج و رووبەڕووی مەترسییان بکاتەوە، ئەوا وڵاتەکەی وەڵامێکی سەربازی توندی دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەی سەربازانی لە ئەفغانستان زیادکردووە و پێنج هەزار سەربازی دیکەی ناردووەتە ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، کە ئەو سەربازانە ئەرکیان رێکخستنی کشانەوەی ئەمەریکا و کۆتایی هێنانە بە ئەرکی ئەمەریکا دوای 20 ساڵ ئۆپەراسیۆنی مەیدانی.

بەگوێرەی زانیاری چەند ئاژانسێکی هەواڵی "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمەریکا بەپەلە دەستیکردووە بە چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەی لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان".

Fly Erbil Advertisment