کێشەی کارتەکانی گوندی کۆری لە هەولێر چارەسەرکرا
"لە ساڵێکدا نزیکە 80 هەزار کارت کراوەتە سەنەد"

K24 – هەولێر
بەڕێوبەری گشتی خانوبەرەی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شارەوانی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چارسەرکردنی گۆڕینی ژمارەیەک کارتی قەرەبووی زەوی گوندی کۆریان راگەیاند.
د. لوقمان عومەر، بەڕێوبەری گشتی خانوبەرەی ھەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و شارەوانییە تایبەتمەندەکان، توانیویانە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم دەیان هەزار کارتی زەوی بگۆڕن بۆ سەنەد، کە کارتەکان وەک قەرەبوو درابوون، کە هەندێکیان لەبری کوژاندنەوەی زەوییەکان پێیان درابوو. بۆ نموونە لە گوندی کۆری بڕیاربوو خانوو بۆ هەندێک هاووڵاتی دیکە دروست بکرێت، بەڵام بەهۆی هەندێک گرفتی هونەری و ئابوور نەتوانرا بکرێن، بۆیە قەرەبوو کرانەوە بە پیدانی زەوی نیشتەجێبوون، بۆیە ئەمڕۆ مژدەی گۆڕینی 3 هەزار و 35 کارتی زەوی بە سەنەد دەدەین بە هاووڵاتییانی گوندی کۆری و جوتیارەکانی گەڕەکی بەختەوەری، هەر ئەمڕۆش رادەستی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دەکرێت، بەپێی بەرنامە دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی بکەن بۆ راییکردن مامەڵەکانیان".
گوتیشی: "ئێستا 15 هەزار کارتی دیکەی زەوی قۆناغی باشیان بڕیوە بۆ ئەوەی بکرێن بە سەنەد، بەهۆی هەندێک کێشەی هونەری کارەکانیان دواکەوتووە".
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: "لە ماوەی ساڵێکدا توانیومانە نزیکەی 80 هەزار کارت کراوە بە سەنەد".