بەهای لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاستەکانی داکەوت
ئەردۆغان هیواخوازە بەهای لیرە سەقامگیر بێت

K24 - هەولێر
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، هیواخوازن لە ئایندەیەکی نزیکدا بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەیان سەقامگیر بێت، جارێکی دیکە پەیمانیدا کە بەردەوام دەبن لە دابەزاندنی نرخی سوودی بانکی، لە کاتێکدا لە ئەنجامی دابەزاندنی نرخی سوودەوە، بەهای لیرە بۆ کەمترین ئاستەکانی داکەوت.
تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا لیرە تورکی 30% بەهاکەی لەدەستدا، هۆکارەکەشی دابەزاندنی نرخی سوود بوو، بەڵام شارەزایان دابەزاناندی نرخی سوود بە بڕیارێکی نادروست دەزانن و دەڵێن، وادەکات رێژەی هەڵاوسان بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.
ئەردۆغان لە دوایین گوتاری لە شاری سێرت-ی باکووری کوردستان رایگەیاند، پشتیوان بەخوا بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئایندەیەکی نزیکدا سەقامگیر دەکەین.
راشیگەیاند، بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە لە سیاسەتیان ناکەن و بەردەوام دەبن لە دابەزاندنی نرخی سوود، چونکە وادەکات دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و هەژارەکانیش هەژارتر بن.