کۆمپانیای چاڤی مووچەی کارمەندانی دەبڕێت
"کارمەندانی چاڤی لاند بەشێكی مووچەکانیان لێدەبڕدرێت"

K24 - هەولێر
بەگوێرەی نووسراوێک، کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، کۆمپانیای چاڤی بەڕێژەی 20% مووچەی کارمەندانی دەبڕێت.
نووسراوەکە واژۆی هەندرێن فاروق، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای چاڤی پێوەیە و لێبڕینکە لە رێکەوتی 1/12/2021 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم لێبڕینە لە کاتێکدایە کە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دامەزرێنەری پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند، بەردەوام لەسەر لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرت و داوای لە فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەکرد کە لە مافی خۆیان خۆش نەبن.
شایەنی باسە لە دوایین خۆپیشاندانی خوێندکاران لە کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی، لە کاتێکدا کە خوێندکاران هاتنە نێو شەقامی سەرەکی گەڕەکی مامۆستایان و بە دانیشتن لەسەر شەقامەکە درووشمەکانیان دەگوتەوە و داوای گێڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکرد، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید هەوڵیدا بچێتە نێو خۆپیشاندانی خوێندکاران، بەڵام لەلایەن خوێندکاراناوە رێگری لێکرا بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا بکات.
