ڤیدیۆ.. پاس و شەمەندەفەر لە یەک ئۆتۆمبێلدا
لەسەر رێگای ئاسایی و لەسەر هێڵی ئاسنینیش کار دەکات

K24 - هەولێر:
ژاپۆن بەم دواییانە نوێترین ئۆتۆمبێلی جۆری پاسی ئاشکرا کرد کە وەک پاسێک لەسەر رێگا ئاساییەکان کار دەڕوات و بەهەمانشێوە لەسەر هێڵە ئاسنینەکان، وەک شەمەندەفەر دەڕوات.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "ئۆدتی سێنتراڵ"، ئەم پاسە ناوەزەیە مانگی رابردوو لە شارۆچکەی کایۆ لە ژاپۆن کەوتە کار.
وەک هەر پاسێکی دی لەسەر رێگا ئاساییەکان بە تایە دەڕوات، بەڵام لەهەمانکاتدا بە یارمەتی دوو پارچەی کانزایی تایبەت بە هێڵی ئاسانین، دەتوانێت وەک شەمەندەفەر بەسەر هێڵە ئاسنینەکاندا بروات.
گۆڕینی دوو سیستەمەکە لە پاسی ئاسایی بۆ شەمەندەفەر و بە پێچەوانەوە، تەنها 15 چرکەی پێدەچێت.
پاسەکە جێگەی 21 سەرنشینی هەیە، لەسەر رێگای ئاسایی دەتوانێت تا خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات، لەسەر هێڵی ئاسنین دەتوانێت تا خێرایی 60 کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا بڕوات.