دەنگۆیەک لەبارەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی عەرەب لە هەولێر رەتدەکرێتەوە
"بەپێی دەستوور هەموو هاووڵاتییەکی هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی دەتوانێت خانووبەرە بکڕێت"
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی ھەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە 680 ھەزار خانوو لەسەر ھاووڵاتییانی عەرەب لە شاری ھەولێر تاپۆكرابێت. بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو داتایەی بڵاوكراوەتەوە راست نییە، بەڵام بە گوێرەی یاساش ھەموو ھاووڵاتییەكی بە رەگەز عێراقی دەتوانێت خانوو بەناوی خۆی بكات.
مستەفا تکریتی، هاووڵاتییەکی بە رەگەز عەرەبە و دوو ساڵە لە هەولێر نیشەجێیە، بە کوردستان24ی گوت: "بەشێك لە هاووڵاتییانی شارەكانی عێراق، ساڵانە بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری ئارامی ناوچەكانیان جێدەھێڵن و دێنە شارەكانی ھەرێمی كوردستان".
خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی خانووبەرە لە ھەولێر دەڵێ "ھاووڵاتییانی عەرەب زیاتر بەدوای خانووی كرێدا دەگەڕێن و بە ماوەیەكی كاتی دێنە ھەرێمی كوردستان، دواتر دەگەڕێنەوە".
كۆمەڵەی داكۆكیكردن لە كرێنشینان پێپشتر بڵاویان كردبووەوە كە 680 ھەزار خانوو لە شاری ھەولێر لەسەر ھاووڵاتییانی عەرەب تاپۆكراوە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی ھەرێمی كوردستان ئەوە رەتیدەكاتەوە و دەڵێ "ئەم ژمارەیە راست نییە و بە گوێرەی یاساش ھەر ھاووڵاتییەكی بەڕەگەز عێراقی دەتوانێت خانوو بكڕێت و تاپۆشی بكات".
لەوبارەوە لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی ھەرێمی كوردستان بە کوردستان24ی گوت: "کڕینی 680 ھەزار خانوو لە هەولێر لەلایەن عەرەبەکان راست نییە، ئەگەر هەر خانووێک سێ کەسی لەناو بژیت، واتا ژمارەی عەرەب لە کورد زیاترە لە هەولێر، بۆیە ئەم ئامارە دوورە لە راستییەوە".
گوتیشتی: "لە دەستووری عێراق ئاماژە بەوە نەکراوە، ئەو هاووڵاتییەی خانوو دەکڕێت لە چ نەتەوەییەکە، بەڵکو دەڵێ هەر هاووڵاتییە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بێت، مافی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی هەیە، واتا کوردێک دەتوانێت خانوو لە بەغدا بکڕێت، بە پێچەوانەوە عەرەبێک دەتوانێ خانوو لە هەولێر و سلێمانی بکڕێت".
ئارامی و بوونی خزمەتگوزاری لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكھاتە و ئایینە جیاوازەكان، وایکردووە ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتی لە شارەكانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق بێنە ھەرێمی كوردستان و لێرە بژین.