دەمیرتاش: تا كێشەی كورد لە توركیا چارەسەرنەبێ قەیرانی سووریاش بەردەوام دەبێت

حکوومەتی تورکیا، کوردانی تورکیا و سووریا وەکو یەك دەبینێت

K24 - ھەولێر

ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕی سووریا و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا ھەبووە، ھەتا کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەبێت، قەیرانی سووریاش بەردەوام دەبێت.

لە ھەڤپیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ئیرلەندی ئایریش تایمز، سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی ھەدەپە دەڵێ: "ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوان کورد و تورك لە تورکیا قوڵتر ببنەوە، دوورنییە شەڕیش لەنێوانیان دروست بێت و کێشەی نێوان کورد و تورك لەو وڵاتە قوڵتر ببێتەوە".

ھەروەھا دەمیرتاش ئەوە دەخاتەڕوو: "شەڕ و قەیرانی سووریا، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کێشەی کورد لە تورکیاوە ھەیە، ئەمەش لەبەرئەوەی حکوومەتی تورکیا، کوردانی تورکیا و سووریا وەکو یەك دەبینێت".

 گوتیشی: "شەڕی سووریا و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا ھەبووە و خەریکە ناکۆکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای تورکیادا دروست دەکات".

ھاوسەرۆکی ھەدەپە، رەخنەی توندی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی  و بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا گرت کە ھیچ ھەڵوێستێکی جیدیان نەبووە، بۆ راگرتنی شەڕ و کوشتاری باکووری کوردستان و فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا.

Fly Erbil Advertisment