دۆخی سیاسی عێراق بەرەو بنبەست دەچێت

وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆتایی دێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - بەغدا

پرسی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەنێو ماڵی شیعە لە ئاڵۆزی سیاسییەوە بەرەو چەقبەستوویی و داخرانی دەرگا بەڕووی یەکتر دەڕوات. کوتلەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی بە پێشنیاز وەڵامی یەکتری دەدەنەوە، ماوەی دەستووریش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆتایی دێت.

دوای چەندین کۆبوونەوە و دانوستان، لایەنە عێراقییەکان بەتایبەتی شیعەکان نەیانتوانی بگەنە هیچ ئەنجامێکی. بەگوێرەی دەستوور ئەمڕۆ 4/6/2022، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیارکراوە، دوای ئەوە بۆشایی دەستووری دروست دەبێت، بەپێی ماددەی 64 دەبێت پەرلەمان بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

موهەیمن زاملی، شرۆڤەکاری سیاسی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: "تا ئێستا دەستپێشخەرییەکی راستەقینە نییە بۆ چارەسەری  دۆخی چەق بەستووی سیاسی، چونکە وا نزیک دەبینەوە لە تەواوبوونی کاتی دەستووری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بۆیە من وای دەبینم ئێمە بەرە و هەڵبژاردن هەنگاو دەنێین، دوای 6/4 ئەگەر کوتلە سیاسییەکان سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێرن، سەرۆک کۆماری ئێستا دەبێ حکومەت هەڵوەشێنێتەوە و حکومەتێکی کاتی دروست بکات، تا کاتی هەڵبژاردنی نوێ دیار دەکرێت، ئەمەش واتا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان".

کوردستان24 زانیویەتی جارێکی دیکە چوارچێوەی هەماهەنگی سێ پێشنیازی نوێی هەیە بۆ موقتەدا سەدر، ئەویش پێدانی هەر 12 وەزارەتەکەی پشکی شیعەیە لە حکومەتی داهاتوو بە کوتلەی سەدری، لە بەرامبەر دورستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی شیعی کە بە هەماهەنگی سەرۆک وەزیران دیار بکەن و هەروەها پرسیان پێبکرێت لە دانانی سەرۆک کۆمار، ئەم پێشنیازانەش پێشتر چەند جارێک موقتەدا رەتیکردووەتەوە.

غەیس سوودانی، شارەز ای یاسایی بە کوردستان24ی راگەیاند: "سیستمی سیاسی و پەرلەمانی دەبێت بە پێوەری دیاریکراوی دەستووری و یاسایی کار بکات، کە لە هەموو دونیا وایە، بەڵام ئێستا هەموو کوتلە و هاوپەیمانەکان سیاسییەکان وادەزانن دەبێت بە ململانێ و مشتومڕ وڵات بەڕێوەببەن، ئێمە ئەگەر تێگەشتنی باشمان هەبێت بۆ ماددە و بڕگە دەستوورییەکان پابەندی کاتەکانی ببین چ پێویست بەو هەموو پێشنیاز و دەستپێشخەرییە دەکات".

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، پەرلەمانتارێکی فەتح گوتویەتی سەدر دڵنیایە چوارچێوەی هەماهەنگی ناتوانێت رێژەی یاسایی تەواو بکات و سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت و کوتلەی گەورە دیاری بکات، بۆیە وەک تەحەدایەک ئەو پێشنیازەی کردووە، گەر چوارچێوەی هەماهەنگی پلانێکی تۆکمە تری نەبێت، ئەوە دوای شکستی دوو کۆبوونەوە پەرلەمان سەدر و هاوپەیمانەکانی بە بەهێزتر دەگەڕێنەوە.

Fly Erbil Advertisment