حکومەتی ئەمەریکا هەوڵی سووککردنی سزاکانی سەر ئێران دەدات
"بژاردەی سەربازیی چارەسەری دۆخەکە ناکات"

K24 - هەولێر
حکومەتی ئەمەریکا هەوڵدەدات کۆنگرێس رازی بکات، بۆ سووککردنی سزاکانی سەر ئێران لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن.
دوای بێئەنجامبوونی هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، نێردەی ئەمەریکا بۆ ئێران لە هەوڵدایە کۆنگرێس رازی بکار سزاکانی سەر ئێران سووک بکات، بۆ ئەوەی دانوستانەکان بگەنە دەرەنجامێکی باش.
رۆبێرت مالی، نێردەی ئەمەریکا بۆ ئێران لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران رایگەیاند "دەکرێت سزاکانی سەر ئێران سووک بکرێن لەپێناو ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتن، چونکە ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نییە، رەنگە بگەنە رێککەوتنێکی لاواز بەو شێوەیە".
گوتیشی "دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ڤیەننا لەنێوان ئێران و ئەمەریکا لە مانگی ئادارەوە وەستاون، بەڵام واشنتن بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە و لەپێناو گەڕاندنەوەی سوودەکانی رێککەوتن و رێگرتن لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، ئەوەش بە سووککردنی سزاکان دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا "باشترین رێگە بۆ رێگرتن لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، رێگەی دیپلۆماسییە و بژاردەی سەربازیی چارەسەری دۆخەکە ناکات".