وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە
"لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵی نرخی بەنزین دەكەین"

K24 – هەولێر
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردسیان، هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە لەڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو رێكارێك دەگرێتە بەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لە بازاڕەكاندا.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڵاوی کردەوە: "لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی بەنزین، كە گرانبوونی نرخەكەی لەئاكامی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی و پابەندنەبوونی حكومەتی عێراق، بەناردنی ئەو بڕە بەنزینەی كە بۆ هەرێمی كوردستانی بەنرخێكی دیاریكراو دەینارد دروست بووە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە لەڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو رێكارێك دەگرێتە بەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكاندا".
ئاماژەی بەوەشکراوە: "بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات، بەشێكی زۆری رسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كار ئاسانی پێشكەش بە هەموو كۆمپانیاكان دەكات، بۆ هێنانی بەنزین بە مەرجێك كاریگەریی لەسەر كوالێتی بەنزین و تەندروستی هاووڵاتیان نەبێت و لەگەڵ رێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت. هاووڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵی نرخەكان دەكەین".