باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: پێویستە حکومەتی نوێی عێراق رەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت
"وەبەرهێنان لەم کونسوڵخانە نوێیە نیشانی دەدات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەندە پابەندە بە هەرێمی کوردستانی عێراق"

K24 - هەولێر:
باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق بۆ یەکەمجار لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و جەختی کردەوە لەوەی کە پێویستە حکومەتی نوێی عێراق رەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی عێراق و لە ناویشیدا خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.
کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، باڵیۆز رۆمەناوسکی لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە لە پەیوەندی بەهێزی نێوان خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کە پشتبەستووە بە مێژوویەک لە بەهای هاوبەش.
رۆمەناوسکی گوتیشی: "پێویستە حکومەتی نوێی عێراق رەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی عێراق و لە ناویشیدا خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت و ئامادەبێت بۆ جێبەجێکردنی پێویستیەکانیان لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریەکان و باشترکردنی حکومڕانی".
کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە میانەی سەردانەکەیدا، باڵیۆز رۆمەناوسکی گەڕانێکی خێرای بەناو کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکادا کرد کە هەر تەواوبوو، دەبێتە گەورەترین کونسوڵخانە لە جیهاندا و نموونەی دیزاینی ژینگەدۆست دەبێت لە هەولێر و تەلارسازیەکەی بەشێوەیەکە کاریگەریە نەرێنەکانی لەسەر ژینگە کەمدەکاتەوە.
لەم بارەیەوە باڵیۆز رۆمەناوسکی گوتی: "وەبەرهێنان لەم کونسوڵخانە نوێیە نیشانی دەدات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەندە پابەندە بە هەرێمی کوردستانی عێراق".
هەروەها باڵیۆز رۆمەناوسکی سەردانی قەڵای مێژوویی هەولێری کرد بۆ بینینی ئەو پرۆژە یەک ملیۆن و نیو دۆلاریەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد پاڵپشتیی دارایی دەکات بۆ نۆژەندکردنەوەی گەرماوی شوێنەواریی قەڵا و دروستکردنی ناوەندێکی منداڵان.
باڵیۆز ڕۆمەناوسکی وتی "زۆر سوپاسگوزارم بەرامبەر ئەو پێشوازیە گەرمەی لێم کرا لە لایەن سەرکردەکانی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی عێراق. بەخۆشحاڵیەوە دەڕوانمە کارکردن لەگەڵیان وەک هاوبەش بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر".
باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق رۆژانی 15 و 16ـی حوزەیران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەو دیدارانەدا دەربارەی ئەو رێیانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کورستان دەتوانن پێکەوە کاری لەسەر بکەن بۆ باشترکردنی ژیانی سەرجەم هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.


.jpeg)