بەنزینی زیاتر هاوردە دەکرێت

وەزیری سامانە سرووشتیەکان بە وەکالەت لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و وزەی پەرلەمان کۆبوونەوە

بەنزینخانەیەکی هەولێر - فۆتۆ: رێناس عەلی
بەنزینخانەیەکی هەولێر - فۆتۆ: رێناس عەلی

K24 - هەولێر

وەزیری سامانە سرووشتیەکان بە وەکالەت، لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و وزەی پەرلەمان کۆبوونەوە و بڕیاردرا هەوڵەکان چڕ بکەنەوە بۆ هاوردەکردنی بەنزینی زیاتر و چاودێری و بەدواداچوونی زیاتر بۆ جۆر و کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین.

کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت پێشوازی لە عەلی حەمە ساڵح سەرۆک و جێگرو ئەندامانی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان "لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوەو جەختی لەسەر هەوڵەکانی وەزارەت کردەوە کە بە سوپاسەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی نرخی بەنزینی نۆڕماڵی کردووە لە چەند رۆژی رابردوودا رێگا نەدرا کێشەیەکی گەورە دروست بێت. دوای گفتوگۆو راوەرگرتنی هەردوولا بڕیاردرا لە رۆژانی داهاتوودا هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ زیادکردنی بەرهەم و بڕێکی زیاتری بەنزین هاوردە بکرێت و چاودێری و بەدواداچوونی زیاتر بۆ جۆر و کۆنترۆڵکردنی نرخ بکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا هەر بەنزینخانەیەک پابەندی رێنماییەکان نەبێت سزا بدرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە "هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 6 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، لەگەڵ گرانبوونی نرخی جیهانی بەنزین و بڕینی ئەو بڕە بەنزینەی لە عێراقەوە بەپێی رێکەوتنێک دەهاتە هەرێم گرفتی گرانی نرخی بەنزینی لێکەوتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە دەستی بە پاڵپشتی نرخی بەنزینی نۆرماڵ کردو بڕێکی زیاتری خستە بازاڕەوە. تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دابینکردنی نەوتی ماڵان و بەدواداچوون بۆ کوالێتی گازوایل و رکخستنی دابەشکردنی غازی شل و پەیوەندییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا".

کۆبوونەوەی وەزیری سامانە سرووشتیەکان بە وەکالەت لەگەڵ لیژنەی  سامانە سرووشتییەکان و وزەی  پەرلەمانی کوردستان 19/6/2022
کۆبوونەوەی وەزیری سامانە سرووشتیەکان بە وەکالەت لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و وزەی پەرلەمانی کوردستان 19/6/2022

 

Fly Erbil Advertisment