450 جووتیار و فرۆشیار بەشداری لە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەکەن
هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت

K24 – هەڵەبجە
ئەمڕۆ هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییز لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی هەنار و بەربوومەکانی دیکەی ناوچەکەیە.
ئەڤین عەتا، پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە رایگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە کەمیکردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەگوتەی جووتیاران، بەرهەمەکەی ئەمساڵ باشە.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشکرد، 450 جووتیار و فرۆشیار بەشداریان لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە کردووە و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن و فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەرهەمی هەناری هەڵەبجە یەکێکە لە بەربوومە ناودارەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بڕیاریشە ئەمساڵ هەناری هەڵەبجە رەوانەی وڵاتی ئیمارات بکرێت.