وه‌زیری شاره‌وانی: گرفتی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی 120 مەتریی هەولێر چارەسەر دەكەین

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

 گرفتی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی 120 مەتریی هەولێر چارەسەر دەكرێت و شەقامەكە دەكرێتە دووساید.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ـی تشرینی دووه‌می 2022، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، وەزاره‌تی شارەوانی و گەشتوگوزار لە داهاتوویەكی نزیكدا گرفتی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی 120 مەتریی هەولێر چارەسەر دەكات، شەقامەكە دەكرێتە دووساید و قەرەباڵغی لەو شوێنە نامێنێت.

سەبارەت بە هەوڵەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە، ساسان عەونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایگەیاند: بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی شەقامی نێوان گەزنە تا شەقامی 120 مەتری كە زیاتر لە 3 كیلۆمەتر دەبێت و تاوەكو ئێستا تەواو نەكراوە، ماوەی چەند مانگێكە تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كاری دیزاینكردن و خەمڵاندنی كارە پێویستەكان دەكەن، بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو فراوانكردنەی كە ئەو پارچەیەی شەقامەكە بەخۆیەوەی دەبینێت.

لەبارەی گرنگی پرۆژەكە، ساسان عەونی گوتیشی: بە تەواوبوونی ئەو 3 كیلۆمەترەی شەقامەكە، تەواوی ڕێگەی 120مەتری تا دهۆك و زاخۆ بە دووساید دەبێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا قەرەباڵغی لەسەر ئەو شەقامە نامێنێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی چوارشەممە 23/11/2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامی 150 مەتریی لە هەولێر كرایه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment