ئێران داوای رێککەوتنی ستراتیژیی ٢٥ ساڵەی لە هیندستان کردووە

K24 – هەولێر
کۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیاری بە هیندستان کردووە، رێککەوتنێکی ستراتیژی وەک رێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان چین و ئێران، ئیمزا بکەن.
ماڵپەڕی ئابووریی (مینت)ـی هیندستان و چەند میدیایەکی ئەو وڵاتە، لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئاگاداری وڵاتەکەیان بڵاویانکردووەتەوە، "ئێران بەمەبەستی راکێشانی وەبەرهێنانی هیندستان و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندن و وزە، پێشنیاری رێککەوتنی هاوشێوەی نێوان پەکیان و تارانیان بە بەرپرسانی دێلهی کردووە".
عەلی باقری کەنی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران مانگی رابردوو سەردانی هیندستانی کردووە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (مینت)، ئەو بەرپرسە ئێرانییە لە سەردانەکەیدا لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزا و وەبەرهێنەری هیندی کۆبووەتەوە و باسی لە ویستی تاران بۆ رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ دێلهی کردووە.
میدیاکانی هیندستان ئاشکرایانکردووە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیارەکەی ئێرانن.
تا ئێستا وردەکاری لەبارەی پێشنیارەکەی ئێران بۆ هیندستان بڵاونەبووەتەوە، بەڵام میدیاکانی هیندستان پێیانوایە، رێککەوتنێکی لەو شێوەیە یارمەتی حکومەتی دێلهی دەدات بۆ بەرەنگاری بەرزبوونەوەی نرخی وزە.
هیندستان سێیەم گەورەبەکاربەری نەوتە لە جیهان و تا پێش لە گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر حکومەتی تاران، لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران بوو.
تا پێش لە پاشگەزبوونەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دوو کۆمپانیای حکومیی هیندستان (ئۆ ئێن جی سی) و (ئۆیل ئیندیا) کاریان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە ئێران دەکرد و توانیان کێڵگەی نەوتیی هاوبەشی نێوان ئێران و سعودیا بە ناوی (فەرزاد – بی) لە ناو کەنداودا بدۆزنەوە.

چین پاشگەزبووەتەوە؟
رێککەوتنی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین، دوو ساڵ پێشتر ئیمزا و ساڵی رابردوو جێبەجێکرا، بەڵام تا ئێستا وردەکارییەکانی باس نەکراون. بە گوێرەی ئەو زانیاریانە نافەرمییانەی چەند میدیایەک بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە چین لە ماوەی ٢٥ ساڵدا بە بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار لە ژێرخانی ئێراندا وەبەرهێنان بکات و لە بەرامبەردا، تاران بە نرخێکی کەمتر نەوت بە چین بفرۆشێت.
سەرەڕای ئەوەش، دۆخی ئابووریی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەتەواوی داتەپیوە و ئاستی وەبەرهێنانی بیانیش کەمبووەتەوە. تەنها هەندێ وەبەرهێنەری ئەفغانی کە لە ژێر دەسەڵاتی تالیبان رایانکردووە، وەبەرهێنانی سنوورداریان لە ئێران کردووە، هەڵبەت ئەمەش لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییە کۆتایی پێهاتووە.
بەهۆی کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندانەکانی لە سێ مانگی رابردوودا، دەرچوونی وەبەرهێنانی ئێرانی و بیانی و بێبەهابوونی دراوی ئێرانی زۆر زیاتر و خێراتربووە.
هاوکات لەگەڵ خراپبوونی دۆخی ئابووریی ئێران، حکومەتی چین رووی لە هاوکاریی بازرگانی و ئابووریی لەگەڵ سعودیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەیی کردووە.
ئەو ویستەی چین لە میانی سەردانی دوو هەفتە لەمەوبەری سەرۆککۆماری چین بۆ سعودیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی کەنداو، بەروونی بەدیارکەوت.