هەوڵێکی دیکە بۆ بوژانەوەی دەریاچەی ورمێ دەخرێتەگەڕ

دەریاچەی ورمێ نزیکەی شەش ملیۆن کەس بێ ئومێد دەکات

K24 - هەولێر

دۆخی دەریاچەی ورمێ ھەتا دێت خراپتر دەبێت، بەشێكی زۆر لە پسپۆڕ و بەرپرسان لە بوژاندنەوەی بێ هیوا بوونە، ئێستا چاوەكان لە بەنداوی كەنییەسێوی پیرانشارن، كە بڕیارە لە رێگەی تونێلێكەوە ئاوەكەی بگوازرێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ، بەڵام ئەو تونێلەش كێشەی تێكەوتووە، كوردستان24 دیمەنەکانی ناو تونێلی كانیەسێو بڵاودەكاتەوەو ھۆكارەكانی وەستانی كارەكانیشی دەخاتەروو.

تەڕوتووشی پاییز و زستانیش نەیتوانیوە جارێ ھەناسەیەك وەبەر دەریاچەی ورمێ بھێنێتەوە، بەپێی ئاماری فەرمی زیاتر لە 80%-ی دەریاچەكە وشكبووە، ئەگەرچی ناوەندێكی تایبەت بۆ بووژاندنەوەی ئەو دەریاچەیە دامەزراوە، بەڵام زۆر كەسیش لە زیندووكردنەوەی نائۆمێد بوونە و جووتیارانیش زەرەرمەندی یەكەمن.

بەنداوێک لە نزیک شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، زیاتر لە چوارساڵە ھەوڵی ئەوە دەدەن ئاوی ئەو بەنداوە بگوازنەوە بۆ دەریاچەی ورمێ، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، چیرۆكی ئەو سەرنەكەوتنە لە تونێلێکدایە کە بۆ یەکەمجار کوردستان24 دیمەنەکانی بڵاودەکاتەوە، بڕیارە ئاوی بەنداوی كانییەسێو لە رێگەی ئەو تونێلەوە بگوازرێتەوە دەریاچەی ورمێ، بەڵام لە ناوەڕاستی كارەكەدا دەیان گرفتی بۆ دروستبووە، لە ھەندێك شوێن ئاوی تێكەڵبووەتەوە، ھەندێك شوێن ھەڵناقەندرێت و ئێستاش ئەگەر تەواویش بێت گومان ھەیە كە ئەو ئاوە بتوانێت بەو تونێلەدا سەدان كیلۆمەتر ببرێت.

روحوڵڵا موتەفەكری ئازاد بەڕێوەبەری ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەڵێت: "نزیكەی 800 مەتری تونێلەكە كە كەوتووەتە ژێر ئاوەكە كێشەی ھەیە، بەخۆشحاڵییەوە دوای ھاوفكری كردن لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆیی و دەرەكی نەخشە رێگەیەكی نوێمان بۆ داڕشتووە و ئێستا كارەكان بەباشی دەچنە پێش، تەنیا 220 مەتری ماوە، كە ھەتا كۆتایی ساڵ ئەویش تەواو دەبێت".

بڕیارە ھەتا سێ مانگی دیكە قۆناغی یەكەمی ئەو تونێلە تەواو بێت، بەڵام كارناسان خۆشیان نایشارنەوە كە ھیوایەك بۆ بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ نییە، چونكە تونێلەكە تەواویش بێت، رێژەی ئاوەكە ھێندە دابەزیوە كە ئەگەری زیندووكردنەوەی زۆر كەم ەو ئەوەش نیگەرانی بۆ نزیكەی شەش ملیۆن كەس لە پارێزگاكانی ورمێ و تەورێز دروستكردووە، كە وشكبوونی راستەوخۆ كاریگەریان تێدەكات. 

Fly Erbil Advertisment