تایوان: 29 فڕۆکە و چوار کەشتی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون

K24 - ههولێر:
وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاند، لە ئێوارەی دوێنێوە تا بەیانی ئەمڕۆ، 29 فڕۆکەی سەربازیی و چوار کەشتی جەنگیی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا بینراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لەو 29 فڕۆکەیە 21یان چوونەتە ئەو ناوچەیەی کە تایوان بە ''ناوچەی ناسینەوەی بەرگری ئاسمانیی'' رایگەیاندوون. 17 فڕۆکەی جەنگیی لە جۆری "J-10" و چواری دیکە لە جۆری "J-16" بەسەر باشووری ئەو ناوچەیەدا فڕیون، هەروەها چوار کەشتی جەنگیی چین لە دەوری دوورگەکەدا بینراون.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە، ئەو فڕۆکە و کەشتییانەی لە دەوری دوورگەکەدا بینراون لە رێگەی ئامێری چاودێریی ئەلیکترۆنی، فڕۆکە، کەشتی دەورییە و سیستەمی مووشەکیی زەمینی چاودێریی کراون.
دوێنێش وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاوی کردەوە کە 25 فڕۆکەی سەربازیی و سێ کەشتی جەنگیی چین لە دەوری دوورگەکەدا بینراون.
جموجۆڵی کەشتی و فڕۆکەکان دوای ئەوە هات کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوە کرد، تایوان بابەتی ناوخۆی چین نییە و روودانی هەر پێکدادانێک لێرە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت.
ئەنتۆنی بلینکن لە دیمانەیەکدا لەگەڵ گۆڤاری "The Atlantic" لە ساڵیادی جەنگی ئۆکراینادا، رایگەیاند: ''ئەگەر بەهۆی شەڕانگێزییەکانی چینەوە، قەیران لە تایوان دروست ببێت، ئەوا دەرەنجامەکەی بۆ ئابووریی جیهان کارەساتبار دەبێت''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردبوو، کێشەی تایوان وەک ئەوەی چین باسی دەکات بابەتێکی ناوخۆیی نییە پەیوەندی بە سەروەرییەوە هەبێت، بەڵکو بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە.
چین کاردانەوەی نیشان دا لەهەمبەر لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مائۆ نینگ،گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئاسایی رۆژانەیدا لێدوانەکانی بلینکن-ی بە ''بێ مانا و نابەرپرسانە'' ناوزەند کرد و رەخنەی لێگرت.
مائۆ نینگ رایگەیاند: ''پەیامێکی روونمان بۆ ئەمریکا هەیە. واز لە تاکتیکی دابەشکاریی بهێنن. واز لە چەواشەکاری بهێنن لە بارەی تایوان. ئەگەر سووربێت لەسەر هەڵوێستەکەی باجەکەی قورس دەبێت''.
دوای سەردانەکەی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پیلۆسی بۆ تایوان لە ئابی 2022دا، چین چالاکی دەوریەی سەربازیی لە دەوری دوورگەی تایوان ئەنجامدا.
چین کە دوورگەکە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، جەخت لەسەر بنەمای تەنیا چین دەکاتەوە و دژی ئەوەیە تایوان پەیوەندی راستەوخۆی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دروست بکات و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی هەبێت، مەرجی ئەوەش لەسەر وڵاتان دادەنێت کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ تایوان بپچڕێنن.