دانیشتوانی گوندێك له ‌توركیا ناوێرن بچنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان

K24 - هەولێر

به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ی شوباتی رابردووی توركیا، کە بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌زاران كه‌س ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و لە شوێنانە نیشتەجێبن کە پارێزراو بوونە.

شاری هاتای لە باشووری توركیا یەکێک بوو له‌و شارانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر لە 21 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ده‌كاته‌ نزیکەی نیوەی کۆی ژمارەی قوربانییەکانی رووداوه‌كه‌.

شارۆچکەی رێیهانلی لە لیستی ئەو ناوچانایه‌ كه‌  پارێزراو بووە، بۆیه‌ خه‌ڵكێكی زۆر روویان له‌و شوێنه‌ كردووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك، دانیشتوانه‌كه‌ی دووهێنده‌ زیادیكردووه‌.

گوندی کاڤاڵجیک کە پێشتر بە گوندی حەران ناسرابوو، لە شارۆچکەی رەیحانلی، هیچ خانووێك زیانی به‌رنه‌كه‌وتووه‌، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ترسن له‌وه‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ ماڵه‌كانیان بدات.

دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کە نزیکەی 400 خانوو لەخۆدەگرێت و بەرزی خانوه‌كانیشیان تەنها لە نهۆمێک یان دوو نهۆم زیاتر نییە، لەسەر شەقام و شوێنە چۆڵەکان دادەنیشن و داوای چادر و كۆنتێنه‌ر پێداویستی پزیشکی بۆ منداڵەکانیان دەکەن.

له‌م گوندە دوكانه‌كانی خواردن و میوه‌ كراوه‌ن، خه‌ڵك به‌ژیانی خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ناچنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی هه‌یانه‌ و ده‌روونیان شڵەژاوە.

لە گەڕەکێکی دیکەی بوکۆلماز کە پێشتر گوندێکی شاخاویش بووە لە شاری رەیحانلی، ژمارەی دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ دوای بوومەلەرزەکەوه‌ بە رێژەی لەسەدا 25 زیادیکردووە، ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی، حوسێن دۆڵگون، موختاری گه‌ڕه‌ك كه‌ ده‌ڵێت: هیچ خانوێك لێره‌ زیانی به‌رنه‌كه‌وتووه‌، ئه‌وانه‌شی له‌ دیلۆك زیانیان پێگه‌یشتووه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گونده‌كانیان.

‌ گوتیشی: ئێستا له‌هه‌ر ماڵێكدا چوار یان پێنج خێزان ده‌ژین، بۆیه‌ پێویستمان به‌چادره‌، چونكه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ هه‌زار و500 تا دوو هه‌زار كه‌س ده‌بێت، به‌ڵام ئێستا رێژه‌كه‌ زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

هەندێک لەوانەی كه‌ ماڵه‌كانیان وێران بووه‌ نه‌چوونه‌ته‌ هیچ شوێنێك، به‌ڵكو له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كانیان چادریان هه‌ڵداوه، به‌ڵام كێشه‌یان ئه‌وه‌یه‌ توشی ناره‌حه‌تی بوونه‌ته‌وه‌ و منداڵه‌كانیان نه‌خۆشكه‌وتن به‌هۆی ساردی كه‌ش و هه‌واوه‌.

Fly Erbil Advertisment