سیپان عەزیز: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی 16 ترلیۆن و 690 ملیار دینارە

K24 - هەولێر:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، پشکی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 12.67% جێگیرکراوە، کۆی گشتی دەکاتە 16 ترلییۆن و 690 ملیار دینار.
سیپان عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی ئابووری کوردستان24 بە محەممەد شوشی راگەیاند، هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتوون، پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجە 16 ترلییۆن و 690 ملیار دینارە، واتا مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و 384 ملیار دینار دەکات، هەروەها خەرجی مانگانەی حکومەتی هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران دەکاتە 910 ملیار دینار و 474 ملیار دیناریش بۆ وەبەرهێنان و خەرجیەکانی دیکە تەرخان دەکرێت.
لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتی، رۆژانە هەرێمی کوردستان بڕی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکات، ئەوەی ئەنجامدراوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، "رێککەوتنە نەك رادەستکردن" لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسی نێوان هەردوولا.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: "حکومەتی فیدراڵی تەنیا چاودێری پڕۆسەکە دەکات نەك پڕۆسەکە گشتی لەژێر دەستی بێت و بەڕێوەی ببات، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400.000 بەرمیل دەفرۆشێت و داهاتەکەی دەچێتە ناو هەژمارێکی بانکی، کە راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت".
سەبارەت بە هەژماری بانکییەکەش سیپان عەزیز گوتی: "جگە لە سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەو کەسەی کە جەنابیان رایدەسپێرن کە دەسەڵاتی خەرجکردنیان هەیە، حکومەتی عێراق ناتوانێت ئەو داهاتە بەکاربێنێت و دەسەڵاتی خەرجکردنیان نییە".
هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هاتوو کێشەیەکی تەکنیكی لەناردنی بڕی نەوتی دیاریکراو روویدا، رەچاوی ئەو بارودۆخەش دەکرێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵی، چونکە پشکی هەرێم لەسەر ئەو بڕە نەوتەی دەینێرێت دیارینەکراوە، بەڵکو لەسەر ژمارەی دانیشتووان بەشە بودجە دەستنیشان دەکرێت.
سیپان عەزیز روونیکردەوە، تا ئێستا هیچ کێشەیەک بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەنێوان لایەنەکان دروستنەبووە، ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوو جیاوازترە، چونکە ئێستا هیچ لایەنێک نییە موزایەدە بکات و دژی کوردستان بێت لەناو پەرلەمان.
هەروەها دەشڵێت: ئێستا لایەنە کوردییەکانیش کۆدەنگن و هەماهەنگییان لەگەڵ یەکتر هەیە، وەک خولی پێشوو نییە کە بەشێک لە لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ نەبوون و موزایەدەی سیاسییان لەناو پەرلەمان دەکرد، بۆیە بە گەشبینییەوە لە هەنگاوی داهاتوو دەڕوانین.