حکومەتی عێراق باج لەسەر نرخی سووتەمەنی دادەنێت

K24 – بەغدا:

حکومەتی عێراق دەیەوێت باج  لەسەر نرخی سووتەمەنی دابنێت، بە جۆرێک 5%  باج لەسەر هەر لیترێکی بەنزین دابندرێت، ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی هاووڵاتییان بە تایبەت شۆفێرانی تاکسی دەڵێن: "ئەو هەنگاوانەی حکومەت بارگرانی زیاتریان بۆ دروستدەکات".

حکومەتی عێراق بەپێی پڕۆژە یاسای 2023، بڕیاریداوە، بەرێژەی 5% باج لەسەر هەر لیترێکی بەنزین دابنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی دانانی باج لەسەر سووتەمەنی تاوتوێ بکات و ئاماژە بەوەدەکەن، " ئەم هەنگاوەی حکومەت مایەی قبوڵ نییە".

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆکوردستان24 دووپاتیکردەوە لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق دەکەن.

حکومەتی عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023، ئەم باجە نوێیانەی سەپاندووە، 5% لە داهاتی فرۆشتنی یەک لیتری بەنزین، 10% لەسەر گاز و نەوتی سپی، 15% لەسەر سووتەمەنی هاوردەکراو و 1% لەسەر فرۆشتنی نەوتی رەش، هەروەها لە سەرجەم فڕۆخانەکانی عێراق بری 25 هەزار دینار بە مەبەستی باجی گەشتکردن لە هەر گەشتیارێکی عێراقی وەردەگیرێت کە گەشت بۆ دەرەوەی ووڵات بکات.

Fly Erbil Advertisment