نۆ رۆژە دوو هاووڵاتی دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە دهۆک بێسەروشوێنن

K24 - هەولێر:
دوو گەنجی دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە دهۆک نۆ رۆژ لەمەوبەر بۆ کردنی گیا بەهارییەکان چوونەتە شاخ و تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ماوەی نۆ رۆژە دوو گەنجی دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە ناحیەی شێلادزێ، لە سنووری پارێزگای دهۆک بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. بە قسەی کەسوکاریان؛ ئەو دوو گەنجە بۆ کردنی گیا بەهارییەکان چوونەتە شاخ و نەگەڕاونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی نیسانی 2023، رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ ئاگاداکراونەتەوە، کە ئەو دوو گەنجە ونبوونە و بێسەروشوێنن، لە کاتێکدا رۆژی دووشەممە 3ـی نیسانی 2023، لە ماڵ چوونەتە دەرەرەوە و نەگەڕاونەتەوە.
رزگار عوبێد ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو هاووڵاتییانە ناوی عارف عومەر تاهرە و تەمەن 53 ساڵە؛ دووەمیان، هاووڵاتیی ئەحمەد حسێن حەسەنی تەمەن 32 ساڵە، کە نۆ رۆژ دەبێت بێسەروشوێنن و "تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەیانەوە نییە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ، چەندین جار هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرەیان ئاگادارکردوونەتەوە سەردانی ئەو ناوچە شاخاوییە قەدەغەکراوانە نەکەن، "چونکە پەکەکەی لێیە و لەوانەیە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە".