وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی تایبەت بە سووریا گەیشتە سعوودیە

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەی راوێژکاری نێوان وڵاتانی کەنداو و هەریەک لە عێراق، میسر و ئوردن دەکات، کە تایبەت دەبێت بە پرسی گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو بازنەی کاری عەرەبی.

ئەمڕۆ (هەینی 14ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی راوێژکاری نێوان وڵاتانی کەنداو و هەریەک لە عێراق، میسر و ئوردن سەبارەت بە دووبارە گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، گەیشتووەتە شاری جەددەی سعوودیە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، ماجد ئەلئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە دەوحە، رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەکە راوێژکارییە، کە ووڵاتانی کەنداو و هەریەکە لە ئوردن، عێراق و میسرا بەشداری دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا.

رۆژی (چوارشەممە 12ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری جەددەی سعوودییە و لەلایەن وەلید خەریجی، وەزیری دەرەوەی سعوودییەوە پێشوازی لێکرا. ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ سعوودییە جاری یەکەم بوو لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا کە بووە پچڕانی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لەناویشیاندا وڵاتانی کەنداو.

Fly Erbil Advertisment