رووماڵ

دەمیرتاش: لەژێر چەتری پەرلەمانی تورکیادا کێشەی کورد چارەسەر دەکەین

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە (ئەرشیف)
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە (ئەرشیف)

K24 - هەولێر:

هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی هەدەپە دەڵێت، لەژێر چەتری پەرلەمانی تورکیادا کێشەی کورد چارەسەر دەکەن.

لە پەیامێکدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەڕێگەی باشاک دەمیرتاشـی هاوسەرییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و  رایگەیاند، کاری لەپێشینەیان فراوانکردنی دیموکراسیەت دەبێت بۆ ئەوەی پشتگیری لە ئاشتی بکرێت و کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەژێر چەتری پەرلەمان.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 18ـی نیسانی 2023، هاوسەرۆکی پێشووتری زیندانیکراوی هەدەپە بۆ بی بی سی تورک قسەی کرد و تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار و رایگەیاند، ئەگەر دەنگدەر سندوقەکان پشتگوی نەخات و بە چڕی بەشداربێت لە پرۆسەی دەنگدان و بژاردەیەکی ژیرانەی هەبێت، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە گەڕی یەکەم یەکلایی دەبێتەوە.

دەمیرتاش گوتیشی، ئەو دەنگدەرانەی دەیانەوێت هەڵبژاردنەکان بخرێنە گەڕی دووەم، پێویستە راستەوخۆ دەنگ بە ئەردۆغان بدەن چونکە بەگوێرەی هاوکێشەی سیاسی ئێستای تورکیا، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان دەنگدان بە موحەڕەم ئینجە، کاندیدی پارتی مەملەکەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان.

هەروەها سەڵاحەددین دەمیرتاش راشیگەیاند، ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا دەنگی پێویست بەدەست نەهێندرێت، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ سەرنەکەوتنی ئەردۆغان.

103 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا تێدەپەڕێت و ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو هێرشی توند دەکەنە سەر یەکدی و تادێت بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێت، دوای ئەوەی کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی ئێستای تورکیا بە "تاکڕەویی" تۆمەتبارکرد، ئەردۆغانیش لە وەڵامدا تۆمەتباریکرد بە بەڵێندان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش.

گوشارەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر بە یەک سەرەڕای 103یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا، هێوربوونەوەی بەخۆوە نەبینیوە و پرسی هەڵبژاردنەکان سەرجەم رۆژەڤەکانی دیکەی بەلاوە ناوە. بریارە 14ـی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی راپرسییەکان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو چەند خاڵێکی کەم جیاوازییان هەیە، چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، گوشارەکان زیاتر بێت و کەشی سیاسی تورکیا ئاڵۆزتر بێت.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانێتی میللەت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە دانیشتنی نائاسایی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پەرلەمان کەوتووەتە ژێر سێبەری رژێمی تاکڕەویی کەسێک.  

کڵچدارئۆغڵو گوتی، "پەرلەمان کەوتووەتە ژێر سێبەری رژێمی تاکڕەویی کەسێک. بڕیاری یاسادانانیشی رادەستی رژێمی تاکڕەوی کراوە، لەو چوارچێوەیدا بێلایەنی دادگاکان، ئازادی رادەربڕین، ئازادی رۆژنامەوانان و سیستەمی پەروەردەیی سیکولار و زانست لەنێوبراوە. لەبڕی دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو، کەسانیک لەسەر بنەمای نزیکی و واستە و واستەکاری لە دامەزراوەکانی حکومەت دامەزرێندراون. هاوکات گەندەڵی وەکو تاکە رێگا بۆ خەرجیەکان چەسپێندراوە. دوای 14ـی ئایار وڵآتەکەمان دووبارە هەستی ژیان بەدەست دێنێتەوە". 

لە بەرامبەردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆمار رایگەیاند، کڵچدارئۆغڵو لەپێناو نانەوەی ئاژاوە رۆژانە فیتنەی نوێ دروست دەکات و بۆی روون بووەتەوە کە دووبارە شکست دێنێتەوە.