ئاسایشی هه‌ولێر دانپێدانانی ئه‌و شۆفێره‌ی پۆلیسێکی هاتووچۆی شێلا بڵاوده‌كاته‌وه‌

ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر
ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆ لەلایەن پۆلیسێکی هاتووچۆ لە شارۆچکەی عەنکاوە رادەگیرێت بۆ لێپرسینەوە لە هۆکاری نەبوونی تابلۆی ئۆتۆمبیلەکەی، بەڵام شۆفێرەکە هەوڵی راکردن دەدات و پۆلیسەکەی هاتووچۆ دەشێلێت و بە دووری نزیکەی دوو سەد مەتر بەسەر ئۆتۆمبیلەکەیەوە لەگەڵ خۆی دەبات، دواتر پۆلیسەکە بە تۆتۆمبێلێکی دیکەدا دەکێشێت و لە شەقامدا بەبرینداری جێیدەهێڵێت.

دوای رووداوەکە شۆفێرە هەڵاتووەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هه‌ولێر دەستگیر دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە رێگەی کوردستان24 ـەوە دانپێدانانەکەی شۆفێره‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، شۆفێره‌كه‌ ئۆتۆمبێلی برایه‌كی لێخوڕیوه‌ كه‌ بێ تابلۆ بووه‌ و له‌ جووتسایدی عه‌نكاوه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسێكی هاتووچۆوه‌ راگیراوه‌ و داوای روونكردنه‌وه‌ی لێكراوه‌ له‌باره‌ی هۆكاری نه‌بوونی تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی.

ئه‌و شۆفێره‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه‌ گوێی به‌ پۆلیسه‌كه‌ی هاتووچۆ نه‌داوه‌ و دووباره‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لێخوڕیته‌وه‌ و له‌و كاته‌ش پۆلیسه‌كه‌ چووه‌ته‌ پێشی بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی رۆیشتنی لێ بگرێ، به‌ڵام پۆلیسەکەی هاتووچۆی شێلاوه‌ و بە دووری نزیکەی دوو سەد مەتر بەسەر بۆتی ئۆتۆمبیلەکەیەوە لەگەڵ خۆی بردووه‌ و دواتر به‌ ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌یدا ده‌دات و به‌ برینداری له‌سه‌ر شه‌قام به‌جێیهێشتووه‌، پاشانیش دوای رووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێ، رۆژی (هەینی 3ـی ئایاری 2023) له‌ كاتێكدا مەفرەزەیەکی هاتووچۆ خەریکی بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان بوون لە ڕێکخستنی هاتووچۆ و نەهێشتنی سەرپێچیەکان، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کەوتووه‌تە ناو مەفرەزەکە، كه‌ شۆفێره‌كه‌ی تابلۆی پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لێكردبووه‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌رپێچییه‌كی دیكه‌یش.

هاتووچۆی هه‌ولێر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، شۆفێره‌كه‌ هه‌وڵی داوه‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی پۆلیسه‌كه‌ بكوژێت و له‌ ده‌ستی یاسا رابكات، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاساییشی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و راده‌ستی دادگا كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.

Fly Erbil Advertisment