سەرۆککۆماری عێراق بانگهێشتی لوتکەی عەرەبی دەکرێت

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و عەبدولعەزیز شەمەری، باڵیۆزی سعوودیە لەعێراق
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و عەبدولعەزیز شەمەری، باڵیۆزی سعوودیە لەعێراق

K24- هەولێر

سەرۆککۆماری عێراق، لەتیف رەشید، ئەمڕۆ یەکشەممە، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن باڵیۆزی سعوودیەوە لە عێراق، پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە سعوودیە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق، لە راگەیەنەدراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، سەرۆککۆمار لەتیف رەشید، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن شای سعوودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز لە رێگەی عەبدولعەزیز شەمەری، باڵیۆزی سعوودیەوە لە عێراق پێگەیشتووە، بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە کۆبوونەوەی ئاسایی سی و دووەمین دانیشتنی ئاساییدا کە لەلایەن شاری جەددە بەڕێوەدەچێت.

لەو دیدارەدا سەرۆککۆماری عێراق، جەختی لە پێویستی بەستنی لوتکەی عەرەبی لە ئێستادا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندین بابەتی گرنگ و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان و بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا کردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا باسی لە پێشکەوتنی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوانیان و چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان کرا بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.

32 مین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە رۆژی هەینی لە 19 ئایاری 2023 دا لە جەددەی سعودیە بەڕێوە دەچێت. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عەرەبیە، بە بەشداری بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، کە ماوەی 11 ساڵ زیاترە دابڕاوە.

دوایین جار بەشار ئەسەد لە ساڵی 2010 بەشداری کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی کردووە لە وڵاتی لیبیا.

کۆمکاری عەرەبی لە نۆڤەمبەری 2011 ئەندامیەتی سووریای لە کۆمەڵەکە هەڵوەشاندەوە وەک دەربڕینی هەڵوێست لە دژی ئەسەد و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

Fly Erbil Advertisment