موسڵمانانی ئەسیوپیا دژی رووخاندنی مزگەوتەکان خۆپیشاندانیان کرد

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

لە کاتێکدا حکومەتی ئەسیوپیا، هەوڵدەدات بۆ رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ یاخیبووانی هەرێمی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە، بەڵام جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزیی لە ئەدیس ئەبابای پایتەختدا سەریهەڵدا، لە میانی خۆپیشاندانێکدا دژی لەناوبردنی مزگەوتەکان لەلایەن حکومەتەوە، دوو کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای نوێژی هەینی کاتێک موسڵمانان رژانە سەر شەقامەکان، پێکدادان لە دەوروبەری مزگەوتی "ئەنوەر" لە باکووری پایتەختی ئەسیوپیا روویدا، موسڵمانەکان داوای راگرتنی پڕۆژەیەکی گەورەییان کرد لەشارەکە، هەروەها  داوای راگرتنی خاپورکردنی مزگەوتەکانیان دەکرد، هێزە ئەمنییەکانیش وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان داوەتەوە.

ساڵی رابردوو دەسەڵاتدارانی ئەسیوپیا پڕۆژەیەکیان بە ناوی " شیگەرسیتی" دەستپێکرد، بۆ تێکەڵکردنی شەش شارۆچکەی دەوروبەری پایتەخت بۆ کەوانەیەکی فراوانی رۆژئاوا، لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵاتداران چەند مانگێکە ژمارەیەک باڵەخانە و ماڵ و مزگەوتیان رووخاندووە، کە بە زێدەڕۆیان  دەزانن.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، نەیارانی پڕۆژەکە ئیدانەی ئەم کارە دەکەن و بە جیاکاری دەزانن، بە بۆچوونی خۆیان لەسەر بنەمای پێوەرە نەتەوەییەکان دژی ئەو دانیشتووانەی کە سەر بە نەتەوەی ئۆرۆمۆ نین، بۆیە مزگەوتەکانیان بە ئامانج گرتووە.

Fly Erbil Advertisment