بکوژ و تەقەکەرانی رووداوەکەی هەولێر دەستگیرکران

K24 – هەولێر:
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژ و تەقەکەرانی رووداوەکەی هەولێری بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بکوژ و تەقەکەرەکانی رووداوەکەی هەولێر لە گوندی کەڵەکینی سەر بە شارۆچکەی خەلیفان لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسەوە دەستگیرکران.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، "دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئایاری 2023، لە شەقامی سەدمەتریی شاری هەولێر لە ڕووداوێکی تەقەکردندا هاونیشتمانییەک بە ناوی (شەهاب بێرسیاڤی) کوژراو و هاونیشتمانییەکی دیکەش بە ناوی (سەربەست شێخەمیر) بریندار بوو، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەست پێکرد".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هەوڵ و ماندووبوونی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، توانرا تۆمەتبارانی تەقەکەر دەستنیشان بکرێن کە پێکهاتبوون لە دوو کەس بە ناوەکانی (م. ه. إ) لەدایکبووی ساڵی 1988 و (ب. س. إ) لەدایکبووی 1987، دوای هەڵاتنیان بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و دەستنیشانکردنی شوێنی خۆحەشاردانیان، لە گوندی ناوشێوان لە ناحیەی خەلیفان لە لایەن تیمەکانمان لە ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ گەمارۆ دران و خۆیان ڕادەستی هێزەکانمان کرد.
نزیکەی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە سەر شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، نزیک گەڕەکی 32ـی پارک، دەستڕێژی گولـــلــــە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئاپ کرا کە دوو سەرنشینی تێدا بووە، یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کوژراوەکە ناوی (ش. خ.)ـە و تەمەنی 47 ساڵە، خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە. برینداری رووداوەکەش ناوی (س.ا.)ـە، تەمەنی 32 ساڵە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی هەولێر کرا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.