چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە سنووری کەرکووک هەڵدەدرێنەوە

K24 - كەركووك
لە شارۆچكەی حەویجەی باشووری كەركووك، دوای ئازادكردنی لەدەست داعش چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرانەوە، دوای شەش ساڵ لە دۆزینەوەیان بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیكدا گۆڕەكان هەڵبدرێنەوە.
لەمبارەیەوە مەڕوان عانی بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت بە كوردستان24ی راگەیاند، گۆڕەكان رووفاتی سەدان هاووڵاتی مەدەنی تێدایە و لەلایەن داعشەوە كۆمەڵكوژكراون".
گوتیشی: "لێژنەیەك لە بەغداوە سەرپەرشتی هەڵدانەوەی گۆڕەكان دەكات و هێشتا رێوشوێنەكانی هەڵدانەوە تەواو نەبووە".
هاوکات زەمیا محەممەد بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركووكی مافی مرۆڤ بەكوردستان24ی گوت: "هەڵدانەوەی گۆڕەكە لەلایەن دەزگای شەهیدانی عێراق و یۆنامییەوە سەرپەرشتی دەكرێت".
پەیوەست بەو بابەتە عەلی حەمادی جێگری پارێزگاری كەركووك بۆ كاروباری هونەری سەبارەت بە گۆڕەبەكۆمەڵەكانی حەویجە بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، ئەو شوێنەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تێدا دۆزراوەتەوە پێشتر هێزەكانی ئەمەریكا وەكو بنكەیەكی سەربازی بەناوی بگارە بەكاریان هێناوەو تێیدا نیشتەجێبوونە، دوای داگیركردنی حەویجە لەلایەن داعشەوە وەكو شوێنێكی سەرەكی بۆ زیندانیكردن و ئەشكەنجەدان و گولـلەبارانكردنی هاووڵاتییان بەكاریان هێناوە، دوای رزگاركردنی شارۆچكەكە ئیدارەی كەركووك ویستی شوێنەكە بكاتە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، لە دەستپێكی كارەكانیدا دەركەوت شوێنەكە گۆڕی بەكۆمەڵی تێدایە كە ژمارەیان سێ گۆڕەو ئێسك و پروسكی سەدان هاووڵاتی تێدایە".
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو كەسانەی لە گۆڕەكاندان عەلی حەمادی دەڵێت: "جارێ هیچ پشكنینێك بۆ رووفاتەكان نەكراون و رێوشوێنەكان هێشتا ماون، بۆ ئەمەش هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای شەهیدان و كەسوكاری قوربانییەكان كراوە، پێویستە لەڕێگەی پشكنینی (دی ئێن ئەی)ـەوە رووفاتەكان بناسرێنەوە".
دەشڵێت: "دوور نییە بەشێك لە قوربانییەكان پێشمەرگە دیلەكان یان هاووڵاتییە ئێزیدییەكانی تێدابێت، كە پێشتر داعش دەستگیری كردبوون".