ئەو کچەی لەلایەن زاواکەیان بریندار کرا گیانی لەدەستدا

K24 – هەولێر
دوای ئەوەی کەسێک لە هەولێر هەڵیکوتایە سەر ماڵی خەزوری بە دەستڕێژی گولـلە هاوسەرەکەی خۆی بەناوی ئەڤین رەمەزان کوشت و خوشکەکەشی بەناوی دلڤین بریندارکرد، شەوی رابردوو دلڤینش گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو دلڤین رەمەزان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
شەوی 19/6/2023، پیاوێک لە هەولێر تەقەی ماڵی خەزوری کرد، هاوسەرەکەی بەناوی ئەڤین رەمەزان تەمەن 20 ساڵ دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و دلڤینی خوشکی تەمەن 16 ساڵ بە برینداری گەیەندرایە، نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کاتژمێر 11:10 شەوی 19ی حوزەیران تۆمەتبارێک بەناوی (هـ، ڕ، ی) لە گەڕەکی گوڵانی شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هێرشی کردووەتە سەر ماڵە خەزورانی و بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گوللـەی کردووە. لە ئەنجامی تەقەکاندا، هاوسەری تۆمەتبارەکە کوژراوە و خوشکێکی هاوسەرەکەی بریندار بووە.
رەمەزان حامد، باوکی ئەڤین و دلڤین، بە کوردستان24ی گوت: "ئەو شەوە کچەکەم لە ماڵی ئێمە بوو هاوسەرەکەی بەدوای دا هات بیباتەوە ماڵی خۆیان، کچەکەم گوتی بابە لەگەڵی ناڕۆمە چونکە دەمکوژێت، منیش تەلەفۆنی بۆ باوکی کوڕەکە کرد و پێم گوت، ئەویش گوتی رەوانەی ماڵی ئێمەی بکەوە، دوای 15 خولەک زاواکەمان دوو کەسی لەگەڵ خۆی هێنابوو تەقەی لە ماڵەکەمان کرد".