راگەیەندراوی ئاسایشی هەولێر لەسەر کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە

K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر سەبارەت بە رووداوێکی کوشتن کە شەوی رابردوو روویداوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوەکرد، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر 11:10 شەوی رابردوو تۆمەتبارێک بەناوی (هـ، ڕ، ی) لە گەڕەکی گوڵانی شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هێرشی کردووەتە سەر ماڵە خەزورانی و بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گوللـەی کردووە.
ئاماژە بەوەشدرا، لە ئەنجامی تەقەکاندا، هاوسەری تۆمەتبارەکە کوژراوە و خوشکێکی هاوسەرەکەی بریندار بووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دوای رووداوەکە تۆمەتبار خۆی رادەستی ئاسایشی هەولێر کردووە، هەروەها ئەو کەسەشی چەکەکەی پێداوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و هەردووکیان بە فەرمانی دادوەر، لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شەوی رابردوو لە هەولێر پیاوێک دەچێتە ماڵی خەزورانی بۆئەوەی هاوسەرەکەی لە ماڵی باوکی بباتەوە، بەڵام هاوسەرەکەی رەتیدەکاتەوە لەگەڵی بڕوات و بە باوکی دەڵێت "ناڕۆمەوە لەبەرئەوەی دەمکوژێت" دوای 10 خولەک پیاوەکە دەستڕێژی گوللـە لە هاوسەرەکەی دەکات و لەوێدا گیان لەدەستدەدات.
پەیامنێری کوردستان24 راشگەیاند، ئەو ژنەی کوژراوە ناوی ئەڤین رەمەزانە و تەمەنی 20 ساڵە.