بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر: لە جەژندا نزیکی ناوچە مەترسیدارەکان مەکەون

پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین
پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین

K24 – هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر داوا لە هاوو‌ڵاتییانی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات لە کاتی گەشت و سەیراندا لە رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز نزیکی ناوچە مەترسیدارەکان و کێڵگەمینەکان نەکەونەوە و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن.

رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر داوا لە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات لەکاتی بوونی مەترسی مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، راستەوخۆ پەیوەندی بە هێلی گەرمی دەزگای مینەوە بکەن بە ژمارە (182) کە بێبەرامبەر بەشێوەی 24 کاتژمێری کراوەیە.

هەروەها داواشدەکات هاووڵاتییان لە رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا لە کاتی گەشت و سەیراندا، نزیکی ناوچە مەترسیدارەکان و کێڵگەمینەکان نەکەونەوە و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر جەخت لەسەر ئامادەیی تیمەکانی فریاگوزاری و شارەزایانی بواری هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی دەکاتەوە بۆ بە هاناوەچوونی هاونیشتمانیان لە کاتی پێویستدا.

Fly Erbil Advertisment