عێراق هەوڵی زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و هەناردەکردنی نەوت دەدات

کێڵگەی نەوتی رومێلە - وێنە: ئەرشیف
کێڵگەی نەوتی رومێلە - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگەیاند، ئامانجیانه‌ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی بگه‌یه‌ننه‌ هەزار و 500 ملیۆن مەتر سێجا و هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی نه‌وتیش بۆ 6 ملیۆن به‌رمیل به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

حه‌یان عه‌بدولغه‌نی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاشكرایكردووه‌، بە ئامانجی گەیشتن بە خۆبژێوی، گەڕان بەدوای کێڵگە نەوتی و گازییەکان ده‌ستپێكردووه‌، به‌كاركردن له‌و كێڵگانه‌ عێراق دەتوانێت زیاتر لە هەزار و 500 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بەرهەم بهێنێت.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، عێراق خاوه‌نی 144.5 ملیار مه‌تر سێجا له‌ نه‌وت و زیاتر له ‌133 ترلیۆن مەتر سێجا له‌ غازی سرووشتی یه‌ده‌گه‌ و چه‌ندین كێڵگه‌ی هه‌یه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ نه‌وت و گاز، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان به‌رهه‌مهێنانی تێدا ئەنجام دەدات و هەناردەی بازاڕەکانی ناوخۆ و جیهانی دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی خۆویستانەی بەرهەمهێنانی بڕی 211 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2024، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، کە لە مانگی نیسانی رابردوو رایگەیاندبوو.

ئەو راگەیەنەدراوەی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە هات کە لە هەمان رۆژ، کۆبوونەوەی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوەچوو کە تێیدا بڕیاریاندا بۆ ساڵی 2024 رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە، ئەمەش لەپێناو سەقامگیری بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو، هەروەها بەهۆی بەردوامی دابەزینی نرخی نەوت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئۆپێک پلەس، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، رۆژانە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە و تا کۆتایی ساڵی 2024 لەسەر ئەو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بەردەوام دەبن.

بە گوێرەی ئامارەکانیش، ساڵی رابردوو لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوت، عێراق بڕی 1150 ملیار دۆلار دەستکەوتووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021 بڕی 75 ملیار دۆلاری دەستکەوتبوو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا، داهاتی بڕی نەوتی فرۆشراو 43 ملیار و 534 ملیۆن دۆلارە.

پێشتریش وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکرد، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نەوت بەشێکی زۆری لە داهاتی بودجەی پێکهێناوە، بە جۆرێک زیاتر لە 95.5%ـی کۆی داهات بووە، هەروەها کۆی داهاتی کۆکراوە لەو ماوەیەدا زیاتر 36 ترلیۆن و 153 ملیار و 969 ملیۆن دۆلار دینار بووە.

هەروەها یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) کە لە (12ـی حوزەیرانی 2023) لە پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسندکرا و 21ـی هەمان مانگیش سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر کرد و رۆژی (26ـی حوزەیرانی 2023)ـش لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمی بڵاوکرایەوە، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی هەناردەکردنی نەوتی مانگانەش بە سێ ملیۆن بەرمیل رۆژانە دانراوە.

یاسای بودجەی گشتی عێراق لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

Fly Erbil Advertisment