کارزان عەبدولهادی: 135 باڵەخانەی تەواونەکراو لە سنووری هەولێر هەن

K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی شارەوانی هەولێر، رایدەگەیەنێت، بۆ مەبەستی تەواوکردنی باڵەخانە تەواونەکراوەکانی شاری هەولێر، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دوو لیژنە پێکهاتووە، لیژنەی باڵا و لیژنەی لاوەکی کە هەڵسەگاندن دەکەن بۆ باڵاخانەکان و بڕیاری لەسەر دەدەن، گووتیشی: 135 باڵەخانەی تەواونەکراو لە سنووری هەولێر هەن.
کارزان عەبدولهادی، جێگری سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیارێک دەرچوو لە رێککەوتی (2ـی ئایاری 2023)، بە مەبەستی رێکخستنەوەی سیمای شار و تەواوکردنی باڵەخانە تەواونەکراوەکان، دوو لیژنە پێکهێنران، لیژنەی لاوەکی و لیژنەی باڵا بە مەبەستی هەڵسەنگاندن بۆ باڵەخانەکان و جێبەجێکردنی رێکاری پێویست بۆ تەواوکردنیان.
هەروەها راشیگەیاند، ژمارەی باڵەخانە تەواونەکراوەکان لە شاری هەولێر 135 باڵەخانە دەبێت، کە هەریەکەیان بە هۆکاری جیا تەواونەکراون.
ئاماژەی بەوەدا، ئەو باڵەخانانەی کە تەواونەکراون، هۆکاری جیاوازیان هەیە، هەندێک بەهۆی قەیرانی دارایی تەواونەکراون، هەندێکێش بەهۆی سەرپێچی کردنیان کارکردن تێیدا وەستێنراوە.
جیگری سەرۆکی شارەوانی هەولێر، گووتیشی: "لە رێگەی ئەو دوو لیژنەیەی کەپێکهێنراون لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر باڵەخانەیەک فۆڕمێکی تایبەتی بۆ ئامادەدەکرێت و هەڵسەگاندنی تایبەتی بۆ دەکرێت.
روونیکردەوە، لە دروستکردنی هەندێک باڵەخانە سەرپێچی و زێدەرۆێی کراوە، بۆیە کارەکانی راگیراوە، هەروەها لیژنەکان هەڵدەستن بە تێکدانی سەرپێچییەکان یاخود پێبژاردنی خاوەنی باڵەخانەکە، دواتر مۆڵەتیان پێدەدەنەوە کە کارەکانیان تەواوبکەن.
کارزان عەبدولهادی، جەختی لەوەشکردەوە، هەر باڵەخانەیەک کێشەکەی لەلاین لیژنەی لاوەکی چارەسەر نەکرا، ئەوا کێشەکەی رەوانەی لیژنەی باڵا دەکرێت و لە رۆژی پێنشەممەی داهاتوودا بە سەرۆکایەتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا ئەنجام دەدرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت.