كلاتنبێرگ له كاتی ناوبژیوانی 5 خراپترین یاریزان ده‌ستنیشان ده‌كات

مارک کلاتنبێرگ ناوبژیوانی پێشووی ئینگلتەرا قورسترین ئه‌و یاریزانانه ئاشکرا ده‌كات کە لە ماوەی ژیانی وەرزشی و ناوبژیوانی مامەڵەی لەگەڵدا کردوون، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زۆرجیاواز باسی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پۆرتوگالی ده‌كات.
کلاتنبێرگ، تەمەنی 48 ساڵە، بە یەکێک لە ناوبژیوانە ناوداره‌كانی سه‌رده‌می خۆی دادەنرێت و لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2017 کاری ناوبژیوانی کردووە، یاری کۆتایی یۆرۆی 2016 و یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2016ـی به‌ڕێوه بردووه.
یه‌كه‌م: یانز لیمان
یانز لیمان گۆڵپارێزی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا و یانه‌ی ئارسێناڵ به‌وه به‌ناوبانگ بوو كه به‌رده‌وام گله‌یی له هێرشبه‌ران ده‌كرد و كلاتێنبێرگ كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ هه‌بوو.
کلاتنبێرگ ده‌ڵێت: لیمان هه‌میشه ماندووی ده‌كردم، هەمیشە سەخت بوو، چونکە هەمیشە گلەیی ئەوەی دەکرد یاریزانەکان لە نێو ناوچه‌ی سزا به‌سه‌ر په‌نجه و قاچه‌كانی ده‌كه‌ون.
دووه‌م: ڕیۆ فێردیناند
ڕیۆ فێردیناند بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد هەمیشە لەگەڵ ناوبژیوانەکاندا دەمەقاڵێی توندی دەکرد، له‌مباره‌یه‌وه، کلاتنبێرگ جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه لە سەردەمی ئالێكس فێرگسۆن بەزەحمەت ده‌یتوانی فێردیناند کۆنتڕۆڵ بكات، چونکە هەمیشە هه‌وڵی ده‌دا ناوبژیوان فریو بدات و مێشكی به‌لاڕێدا ببات.

سێیه‌م: كلیپه‌ر پێپی
كلیپه‌ر پێپی بەرگریکاری پێشووی ڕیال مەدرید لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2016 لەگەڵ کلاتنبێرگ ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.
کلاتنبێرگ له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: پێپی هەمیشە هەوڵیداوە ڕکابەرەکانی سەرسام بکات، لە یاری کۆتاییدا بینراوە کە لەسەرزەوی دەسوڕێتەوە، هەمیشە كاركردنم له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رگریكاره پۆرتوگالییه قورس بوو، چونکە هەوڵی دەدا به‌شێوه‌یه‌ك کاربکات هێرشبه‌ره‌كان له یاریگه ده‌ربكات، بۆیه به‌رده‌وام بیركردنه‌وه‌ی منی ئاڵۆز ده‌كرد.
چواره‌م: ڕۆی کین
بوونی ڕۆی کینی ئەستێرەی پێشووی مانچستەر یونایتد له نێو لیستی سه‌خترین یاریزانه‌كانی كلاتنبێرگ شتێكی نامۆ و سه‌یر نییه، چونكه ئه‌و یاریزانه به‌شێوه‌یه‌ك توند و توڕه‌بوو ته‌نانه‌ت فێرگسۆن داد و بێدادی بووه له‌ده‌ستی، تاكه یاریزان بووه كه ده‌نگی به‌سه‌ر فێرگسۆن دا به‌رز ده‌كرده‌وه و ده‌یقیژاند.
کلاتنبێرگ له‌باره‌ی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره ئێرله‌ندییه ده‌ڵێت: ڕۆی کین جەستەیه‌كی و توندی هه‌بوو، هه‌رگیز جێگه‌ی متمانه نه‌بوو، بۆ نموونه بینیمان چی له ئاڵف هالاند كرد، به‌شێوه‌یه‌ك تووشی پێكانی كرد وایكرد نه‌توانێت یاریی بكاته‌وه، رۆی كین به‌شێوه‌یه‌ك ترسناك بوو نه‌تده‌زانی له خوله‌كانی داهاتوو چی ده‌كات.

پێنجه‌م: کریگ بێلامی
کریگ بێلامی کە لە چەندین یانە یاری کردووە، دیارترینیان لیڤەرپوول، مانچێستەر سیتی و بلاکبێرن، خراپترین یاریزان بوو کە کلاتنبێرگ مامەڵەی لەگەڵدا کردووه.
کلاتنبێرگ، ئه‌و یاریزانه‌ی پێشووی وێڵز، بە "بێ ئەدەب و بێزارکەر وەسف دەکات و دەڵێت: ئەو خراپترینە كه بینیومه".
ناوبژیوانه ئینگلیزییه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات بیلامی یەکێک بوو لە یاریزانە بێزارکەرەکانی یاریگا، بە تەواوی بێ‌ڕێز بوو، كاتێك له بلاكبێرن بوو زۆر لێی توڕه‌بووم و ئاگادارم كرده‌وه كه سنووری خۆی بزانێت.
پەیوەندی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ چۆن بوو؟
سەرەڕای ئەوەی ئه‌م ناوبژیوانه خانه‌نشینكراوه لەگەڵ چەندان ئەستێرەدا رووبه‌ڕووی گرژی و ناخۆشی بووه‌ته‌وه، بەڵام کلاتنبێرگ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەندێک یاریزان هەبوو، لەنێویاندا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ.
کلاتنبێرگ له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: بیرمە كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار تیێری هێنری و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆم بینی، هاتنه پرێمه‌رلیگ، هه‌میشه ده‌مگوت ئه‌م دوو یاریزانه زۆر باش و به‌ڕێزن، هاوشێوه‌ی هه‌موو یاریزانه‌كانی دیكه مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو یاریزانه كردووه، جارێكیان له‌بیرمه له یاریی كۆتایی یۆرۆی 2016 كریستیانۆ هاته لام و ویستی له باوه‌شم بگرێت، هه‌میشه زۆر به‌ڕێزه‌وه ده‌رده‌كه‌وت، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر گه‌وره‌م له نێو یاریگه له‌گه‌ڵ كریستیانۆ هه‌بوو، ئه‌و بۆ من زۆر باش بوو، منیش زۆر رێزم لێ ده‌گرت.
