زیاتر لە 100 ملیۆن کەسی دیکە رووبەرووی برسێتی بوونەتەوە لە جیهاندا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2019ەوە تاوەکو ئێستا، 122 ملیۆن کەسی دیکە رووبەرووی برسێتی بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاسایشی خۆراکی جیهانی، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێستادا رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە نزیکەی 735 ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا 613 ملیۆن کەس بووە، ئەمەش بەهۆی پەتای کۆرۆنا و ململانێکانی کەشوهەوا و شەڕی ئۆکرانیا بووە.

شەرقولئەوسەت راپۆرتەکەی بڵاو کردووەتەوە، هەر پێنج ئاژانسی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوی فاو، سندوقی نێودەوڵەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و یونسێف و رێکخراوی تەندروستی جیهانی و بەرنامەی خۆراکی جیهانی، هۆشدارییان داوە کە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ نەهێشتنی برسێتی تا ساڵی 2030 بەدی نایەت ئەگەر کارەکان وەک خۆیان بمێننەوە.

راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022دا تووشی برسێتی بوون لە نێوان 691 بۆ 783 ملیۆن کەس بووە، بە تێکڕا 735 ملیۆن کەس، لەو ژمارەیەدا 122 ملیۆن کەس زیاتر بووە بە بەراورد بە ساڵی 2019، پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا.

هەرچەندە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022 ژمارەی برسێتی لە جیهاندا وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام زۆرێک لە شوێنەکانی جیهان رووبەڕووی خراپتربوونی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە، هەروەها پێشکەوتنی بەرچاو لە کەمکردنەوەی ژمارەی برسێتی لە ئاسیا و ئەمەریکای لاتین هەبووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "ئومێد هەیە، بەو پێیەی هەندێک ناوچە لەسەر ڕێڕەون بۆ گەیشتن بە هەندێک ئامانجی خۆراک تا ساڵی 2030، بەڵام بەگشتی پێویستمان بەهەوڵی چڕوپڕ و دەستبەجێی جیهانی هەیە"، بەردەوام پێویستە خۆڕاگری بنیات بنێین، لەبەرامبەر ئەو قەیران و شۆکانەی کە دەبنە هۆی نائاسایشی خۆراک، لەوانەش ململانێ و گۆڕانی کەشوهەوا.

لە پەیامێکی هاوبەشدا هەر پێنج رێکخراوەکەی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، "گومانی تێدا نییە کە گەیشتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام کە برسێتی سفرە تا ساڵی 2030 تەحەدایەکی گەورەیە. لە راستیدا پێشبینی دەکرێت نزیکەی 600 ملیۆن کەس لە ساڵی 2030دا هێشتا رووبەڕووی برسێتی ببنەوە، ئاماژەیان بەوەشکرد، ئێمە هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە دوو هێندەکردنی هەوڵەکانمان بۆ گۆڕانکاری و سوودمەندبوون لە کشتوکاڵ و خۆراک و سیستەمەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە نزیکەی لەسەدا 29.6ی دانیشتوانی جیهان کە یەکسانە بە 2.4 ملیار کەس، بە بەردەوامی دەستیان بە خۆراک رانەگەیشتووە.

Fly Erbil Advertisment