لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون بۆ کێشەکانی کفری دەکات

K24 – هەولێر

چەند رۆژێکە دانیشتوانی قەزای کفری بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەوە مانگرتنیان راگەیاندووە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی کفری پێکهێنراوە و ئەمڕۆ لیژنەکە لەگەڵ قایمقام و فەرمانگەکانی قەزاکە کۆبووەوە.

وشیار قادر نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کفری گوتی: "دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا لە دوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەک بەپەلە پێکبهێنرێت، ئێمە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتین و ئەمڕۆش سەردانی قەزای کفریمان کرد، هاتووین بۆ کێشەکانی خزمەتگوزاری کە ماوەیەکە راگیراون".

گوتیشی: "لەگەڵ قایمقام و فەرمانگەکانی کفری کۆبووینەوە، هەندێک کێشەی ئیداری و پێداویستی هەن، هەندێک کێشەی دیکەش پێویستی بە نەختێنەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەکان تەواو بکرێن و خزمەتی هاووڵاتیان بکرێت، هەندێک کێشەی دیکە هەن بۆ سەرۆکی حکومەت بەرز دەکەینەوە، وەک کێشەی زەویوزار و لێدانی بیر، هەروەها کێشەی ئاوی خوراردنەوە".

راشیگەیاند: "لەگەڵ کەمپینی مانگرتووان کۆدەبینەوە و لە نزیکەوە گوێیان لێدەگرین بۆ ئەوەی بزانین داواکارییەکانیان چییە، دواتر دیراسەی دەکەین".

نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران، گوتیشی: "بەهۆی نەبوونی نەختینە لە سنووری سلێمانی زۆر لە پڕۆژەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی کفری جددییە و لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت وەکو لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی دیکەی کفری بە وردی دیراسەی کێشەکان دەکەین".

لای خۆیەوە شەماڵ نامیق قایمقامی کفری، وێڕای بەخێرهێنانی لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا: "بابەتی بوونی ئەو کێشانە لە کفری نوێ نییە و پێش خەڵکی تر پۆستی قایمقامیان پێسپێردراوە هەمان کێشە لە کفری هەبوونە"، ئومێدی خواست بە هەماهەنگی هەموو لایەک بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن.

دوێنێ یەکشەممە 16/7/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی کفری رایگەیاند: هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و  بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی: "دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".

Fly Erbil Advertisment