ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەمید محەممەد میرزا ئاشکرادەکات

K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی 23ـی تەمموزی 2023 لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە شاری زاخۆ، عەمید محەممەد میرزا لە رێگەی بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەی بە ئامانج گیرا و گیانی لەدەستدا.
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە لایەن تیمەکانیانەوە لەسەر ئەو کەس و گرووپەی ئەو کارەیان ئەنجامداوە، بەڵگە لەبەردەستە کە لەلایەن پەکەکەوە نێردراون.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەرەبەیانی 23ـی تەمموزی 2023، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری هیۆندای تۆکسۆن کە رەنگی سپی بووە بە تابلۆ ژمارەی ساختەوە، بۆ خۆدزینەوە لە کامێراکانی چاودێری و بازگەکان لە رێگەیەکی لاوەکییەوە چوونەتە ناو شاری زاخۆ و چاودێری ماڵ و ئۆتۆمبێلی عەمید محەممەد میرزایان کردووە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، کاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیان، بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلی عەمید محەممەد میرزا لە بەردەم ماڵەکەی لکێندراوە و کاژمێر 7:49ـی ئێوارەی رۆژی 23ـی ئەم مانگە لەسەر شەقامێکی گشتی شاری زاخۆ لە رێگەی ریمۆت کۆنترۆڵەوە، ئۆتۆمبێلەکە دەتەقێندرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باس لەوەشکراوە، پێشتر لە رێگەی دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجوومەنەکە زانیاری تەواویان ئەوەیان هەبوو کە سەرکردایەتی پەکەکە پیلانی بە ئامانجگرتنی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان داڕشتووە و بۆ ئەو مەبەستەش راهێنانیان بە چەندین کەس لەسەر دروستکردن و دانان و لکاندنی بۆمب کردووە و هەوڵی دەربازبوونیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان داوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، بکەرانی ئەو کردەوەیە لە هەر شوێنێک بن باجی ئەو کردەوە ترسنۆکانەیان دەدەن و بە سزای یاسایی خۆیان دەگەیەندرێن و ئاشکراشیکردووە کە رێوشوێنی گونجاو گیراوەتەبەر.
بۆ بینینی دەقی ڤیدیۆیی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەم لینکە بکە.
شەوی (23ـی تەمموزی 2023)، لەسەر شەقامێکی گشتی لە نزیک کۆلیژی سەربازی زاخۆ، ئۆتۆمبێلی عەمید محەممەد میرزا سۆفی تەقیەوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.
دوای ئەو رووداوەش سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە کردەوەیەکی گوماناویدا، ئۆتۆمبێلی عەمیدی خانەنشین "محەمەد میرزا یونس سۆفی" لەناو شاری زاخۆ تەقییەوە و بەمەش ئەم ئەفسەرە ماندوونەناسەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید بوو، لەم بارەوەش دامودەزگا پەیوەندیدارەکانم راسپاردووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم رووداوە بکەن و ئەو دەستانە ئاشکرا بکەن کە لە پشت ئەم تاوانەوەن.