سۆشیال میدیای کوردستان24 یەکەمە لەسەر ئاستی میدیاکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی نوێترین داتا فەرمییەکانی کۆمپانیای مێتا کە خاوەنداری فەیسبووک دەکات، لە دوو هەفتەی رابردوودا، ڤیدیۆکانی پەیجی سەرەکی کوردستان24 لە فەیسبووک زۆرترین بینەری هەبووە لەسەر ئاستی میدیاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
داتاکانی کۆمپانیای مێتا لە فەیسبووک ئەوە دەردەخەن، کە ڤیدیۆکانی پەیجی سەرەکی کوردستان24 لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 106 ملیۆن بینەری هەبووە، کە ئەمەش پڕبینەرترین پەیجی دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستانە، کە بینەری ڤیدیۆکانی پەیجی میدیاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەمترە لە 100 ملیۆن بینەر و هیچ کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی دیکە ئەو ژمارەیەی لە دوو هەفتەی رابردوو تۆمار نەکردووە.
زۆرترین ڤیدیۆکانی پەیجی سەرەکی کوردستان24 لە بەرهەمی ناوخۆیی کەناڵی کوردستان24ـە و ڤیدیۆ گشتییەکانی دیکەیە، کە بوونەتە جێی سەرنج و سەرچاوەی زانیاری بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا و پلاتفۆڕمی فەیسبووک بەتایبەتی.
هاوکات جگەلە پەیجی سەرەکی کوردستان24، داتاکانی پەیجەکانی دیکەی کوردستان24 بە زمانەکانی عەرەبی و زمانەکانی دیکە بەشێوەیەکی بەرچاو لەماوەی رابردوو رێژەی بینەرانیان بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی پەیجی کوردستان24 بە زمانی عەرەبی، بە هەواڵ و ڤیدیۆی ناوخۆیی، بووەتە یەکێک لە پڕبینەرترین پەیجەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق.
هەروەها بینەرانی ڤیدیۆکانی پەیجی سەرەکی کوردستان24 سنوورەکانی تێپەڕاندووە و جگەلە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاویان دەکاتەوە، بینەری هەیە و بەکارهێنەرانی فەیبسووک لەلای خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە کارکردنی پیشەییانەی کوردستان24 وەک دەزگایەکی میدیایی بەرەو ئاستی جیهانی هەنگاوەکانی بە دروستی دەنێت.