پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان دەستپێدەکات

K24 – هەولێر:
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەت دەستپێدەکات.
وەزارەتی ئاوادانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، سبەی کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ لەناو دیوانی وەزارەتی ئاوادانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وردەکارییەکانی پرۆسەکە رادەگەیەنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێورەسمەکەی بەیانی پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون و کاراکردنی فۆڕمەکە بە شێوەی ئۆنلاین و وردەکاری پرۆسەکە بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەت ئاشکرا دەکرێت.
پێشتریش، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون بە کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "یەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان دروست دەکرێت، دەدرێت بەو کەسانەی تائێستا لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون و زەوی سوودمەند نەبوونە".
گوتیشی: "بۆ تەواوکردنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیاری لێدراوە لە ماوەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک تەواو دەکرێن".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە، جەختیکردەوە: "شێوازی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە ئۆنلاین فۆڕم پڕ دەکرێتەوە و هاووڵاتییان داوا پێشکەش دەکەن، لە فۆڕمەکەدا هەموو زانیارییەکان دەخرێتەڕوو، لیژنە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان پێکدەهێنرێت و زانیارییەکان کۆدەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی شایستە بێت یەکەی نیشتەجێبوونی پێبدرێت".
دانا عەبدولکەریم، لەبارەی پڕۆژەکانی دیکەی یەکانەی نیشتەجێبوون کە چەند ساڵێکە چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردن، گوتی: "لە کۆبوونەوەی 31/5/2022، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەری یەکەی نیشتەجێبوون، ئەوە خرایەڕوو کە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێشتر دراوەتە بەڵێندەران، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لەو پڕۆژانە وەستێنراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت و لە ماوەی داهاتوودا فەرمان و رێنمایی تایبەت بەو بابەتە دەردەچێت، دوای دابینکردنی بودجەی تایبەت هەوڵدەدەین لە ماوەیەکی کەمدا یەکەکان تەواو بکرێن".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو پڕۆژانە پێش ساڵی 2014 چوونەتە بواری جێبەجێکردن و هەندێکیان زیاتر %80 و هەندیكیشیان %50 کارەکانیان تەواو بووە، هەندێک لەو پڕۆژانەش رێژەی کارکردن تێیاندا کەمترە".