مەسرور بارزانی: پێویستە دامودەزگاکانی حکومەت بە یەکسانی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن

K24 - هەولێر
سەرۆکوزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە دامودەزگاکانی حکومەت بە یەکسانی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن" و دەشڵێت، "ئەرکی سەرەکیی بەرپرسان، خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە".
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ژمارەیەک گەڕەکی هەژارنشینی دهۆکی کرد و لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەو شارە، لە پۆستێکدا رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵبووم کە ئەمڕۆ سەدانی ژمارەیەک گەڕەکی شاری دهۆکم کرد و لە نزیکەوە گوێم لە گلەیی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان گرت. پێویستە دامودەزگاکانی حکومەت بە یەکسانی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن و جیاوازی لە نێوان هیچ گەڕەک و ناوچەیەکەدا نەکەن. ئەرکی سەرەکیی بەرپرسان، خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە".
یەکێک لەو گەڕەکانەی دهۆک کە سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد، گەڕەکی ماڵتا بوو، لەگەڵ چین و توێژەکانی گەڕەکی ماڵتا کۆبووەوە و بە خەڵکی گەڕەكەکەی گوت: "بە فەرمانی سەرۆک بارزانی هاتووم سەردانتان بکەم، ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو حکومەت لە خزمەت گەڕەکە هەژار نشینەکاندا دەبین".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە شێک لە هاووڵاتییانی گەڕەکی ماڵتا گوت، "پارێزگاری دهۆکم راسپاردووە زیاتر گرنگی بەم گەڕەکانە بدات و خزمەتیان بکات. هاوکات داواشتان لێ دەکەم، هاوکاربن لەگەڵ پارێزگاری دهۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاریتان بکەن. پارێزگارم راسپاردووە، هەرچی کێشەتان هەیە، لە کەمئاوی، بێ کارەبایی، نەبوونی قوتابخانە یان بنکەی تەندروستی، بۆتان چارەسەر بکات و کاری پێویست بکات. خوا شاهیدە، نیازی من ئەوەیە خزمەتی خەڵک بکەم".
یەکێک لە داواکارییەکانی گەڕەکی ماڵتا لە دهۆک چاککردنی رێگاوبانی گەڕەکەکەیان بوو، سەرۆکی حکومەت بەڵێنی پێدان کە تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.
هاووڵاتییەک لە دهۆک لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بە پەیامنێری کوردستان24ی گوت: "راستە ئێمە کەموکوڕیمان هەبووە لە رووی خزمەتگوزارییەوە، سەرۆکی حکومەت هاتە بەردەگای ماڵەکەمان و گوێی لێمان گرت، ئێمە هەموو گلەیی و داواکارییەکانمان بە سەرۆکی حکومەت راگەیاند، زۆر سوپاسگوزارین و دڵخۆش بووین بە هاتنی بۆ لامان، دڵنیاین هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن".
سەرۆکی حکومەت لەو سەردانەیدا بۆ شاری دهۆک لەگەڵ هاووڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکەکانی بەڕۆشکێ، رەزا و ماڵتا کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانیان گرت. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری دهۆکی راسپارد هەرچی پێویستە بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکانی دهۆک بکرێت.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکات و چەند گەڕەک و ناوچەیەکی زاخۆ بەسەر بکاتەوە.
مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ لە زاخۆ پڕۆژەی گەشتیاری کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ دەکاتەوە کە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و گرنگەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.