چارەنووسی ئۆتۆمبێلی پارە گواستنەوەکەی رێگای کەرکووک – سلێمانی بەکوێ گەیشت؟

K24 – هەولێر:
کوردستان24 بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو بارهەڵگرەی گواستنەوەی پارە دەکات لە رێگای کەرکووک – سلێمانی وەرگەڕا و سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بۆ کوردستان24 زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات و میدیا جیهانییەکانیش لەبارەی ئەو رووداوە دەڵێن "چارەنووسی پارەیەکی زۆری گوماناوی لە عێراق" نادیارە.
رۆژی (15ـی ئابی 2023) بارهەڵگرێکی زرێپۆش کە تایبەت بوو بە گواستنەوەی پارە، لە رێگای کەرکووک – سلێمانی وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینێکی بارهەڵگرەکە بریندار بوون و دواتر گەیەندرانە نەخۆشخانە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ لایەنێک خاوەندارییەتی ئەو پارەیەی یەکلایی نەکردووەتەوە.
بەشێك لە میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، بارهەڵگرە زرێپۆشەکە سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق بووە و بڕێکی زۆر پارەی هەڵگرتووە، دوای وەرگەڕانیشی هێزێکی ئەمنی تایبەت نێردراوەتە شوێنی رووداوەکە بۆ پاراستن و گواستنەوەی پارەکە
سەرەتا هەواڵەکە وا بڵاوبووەوە، کە گوایە ئەو ئەو ئۆتۆمبێلە پارەی لە بەغداوە بۆ بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانی گواستووەتەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی روونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بۆ رای گشتی و سەرجەم راگەیاندنەکانی روون دەکەینەوە هیچ بڕە پارەیەک بەناوی مووچەی فەرمانبەران یان پارەی گەنمی جووتیاران راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سلێمانی نەهاتووە و ئەو ئۆتۆمبێلەی باس کراوە هیچ پەیوەندییەکی بە بانکی ناوەندی هەرێم / سلێمانییەوە نییە.
هەروەها کەناڵی "الحدث" کە یەکێکە لە کەناڵە هەواڵییە عەرەبییە بەناوبانگەکانی ناوچەکە، لەبارەی ئەو رووداوەوە رایگەیاندووە، دوای وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی پڕ لە پارە لە ناوچەیەکی نزیک لە کەرکووک، هیچ لایەنێکی فەرمی خۆی نەکردووەتە خاوەنی ئەو پارەیە و بە "پارەی گوماناوی" وەسفی دەکات.
کوردستان24 لەبارەی ئەو رووداوەوە پەیوەندی بە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییەوە کرد، بەڵام پارێزگار باسی لەوەکرد، هیچ زانیارییەکی لەسەر وەرگەڕانی ئەو بارهەڵگرە و پارەکەی ناوی، لەلا نییە و ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئەوانە نییە.
سەبارەت بە وردەکاری رووداوەکە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پارەیەی لەنێو بارهەڵگرەکە بووە، پارەی بانکی بەغدادە کە بانکێکی ئەهلی عێراقییە و لە سلێمانییەوە گواستراوەتەوە بەرەو بەغدا.
ئاماژەی بەوەشدا، بانکی بەغداد لە شاری سلێمانی لقی هەیە و بارهەڵگرەکە لەوێوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتووە و لە رێگای کەرکووک – سلێمانی لە ناوچەی چیمەن وەرگەڕاوە و دوای ئەوە هێزەکانی پۆلیس چووەنەتە شوێنەکە و، دەبینن لەنێو بارهەڵگرەکەدا دوو کەس هەن کە بریندار بوون.
سەرچاوەکەی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی: بریندارەکان دوای گەیشتنی پۆلیس، گواستراونەتەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستییان وەرگرتووە.
دەربارەی چارەنووسی ئەو بڕە پارەیەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، سەرچاوەکەی پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمی بانکی بەغداد هاتوونەتە کەرکووک و پارەکەیان بۆ بەغدا گواستووەتەوە.
لەکاتێکدا کوردستان24 ئەم زانیارییانەی لە سەرچاوەکەی پۆلیسی کەرکووکەوە وەرگرتووە، بەشێک لە میدیاکان لە زاری لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی کەرکووک بڵاویانکردەوە، کە "ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە زرێپۆشەکە کە تایبەتە بە گواستنەوەی پارە، هیچ بڕە پارەیەکی تیا نەبووە و خاوەنداریەتی ئۆتۆمبێلەکەش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".
هاوکات میدیا ناوخۆییەکانی سلێمانی لەبارەی ئەو رووداوەوە، جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی لەبارەی چارەنووسی ئەو بڕە پارەیە و خاوەندارییەتی ئۆتۆمبێلەکە، لەلایەن پۆلیسی کەرکووک و میدیا عەرەبییەکان بڵاوکراوتەوە، ئەمەش گومانی زیاتر لەسەر ئەو رووداوە دروست دەکات.