وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

فۆتۆ: رێناس عەلی - کوردستان24
فۆتۆ: رێناس عەلی - کوردستان24

K24 - هەولێر

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەید محەممەد میر ئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا لە هەولێر، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک لە کۆبوونەوەدان.

رێناس عەلی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاندی وەزارەتی ناوخۆی ئێران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت رێکار و ئاسانکارییەکانی پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێرانە لە هەرێمی کوردستان کە بۆ چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە شارەکانی عێراق.

بە مەبەستی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە تا هەولێر سێ وێسگە کراونەتەوە و پاس و هەموو پێداویستییەکان بۆ زیارەتکاران دابینکراون و چەند لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراون.

هەر یەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کونسوڵی ئێران لە هەولێر و پارێزگاری ورمێ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن.

دوێنێ 19/8/2023، سەید محەممەد میرئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆ بەیاوەری شاندێکی وڵاتەکەی لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانی گەیشتە هەرێمی کوردستان. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی: "بە پێویستی دەزانم سوپاسی رێبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بکەم، ئەمە دووەم ساڵە کە لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە، زیارەتکارانی ئیمام حوسێن بەرەو کەربەلای پیرۆز دەچن، ئەمساڵ ئێمە لە پلانەکانی خۆماندا بە تایبەتی سەرنجمان خستووەتە سەر ئەو سنوورە، بە سەرنجدان بە کەشوهەوای گونجاو و ئەو ئامادەکاری و ئاسانکارییانەی بەرپرسانی هەرێم لەمبەری سنوور کردوویانە، بوونە هۆی ئەوەی ئێمە زیاتر ئەو سنوورە بە زیارەتکارانی خۆمان بناسێنین".

Fly Erbil Advertisment