سێ ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران ده‌كرێنه‌وه‌

K24 - هەولێر:

وابڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا، سێ ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران بكرێنه‌وه‌ و بۆ تاوتوێكردنی رێككاره‌كانی كردنه‌وه‌یان شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 20ـی ئابی 2023، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی له‌ حوجەتوڵڵا مەلەکی، راوێژكاری سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسی دۆسیەی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوه‌ری کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەت، وەزیری بازرگانی رایگه‌یاند، "دەكرێت پەیوەندییە بازرگانییەكانمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بەهێزتر بكەین و كردنەوەی ئه‌و ناوچه‌ ئازادانه‌ش دەرفەتێكی گرنگه‌ بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا".

هەروەها كەمال موسلیم دووپاتیكرده‌وه‌، لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكاندا، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كار ئاسانی ته‌واو ده‌كات و پشتیوانی هەر هەوڵێك ده‌بێت بۆ پێشخستنی كەرتی بازرگانی و زیادكردنی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌ردوولا.

له‌ به‌رامبه‌ردا، حوجەتوڵڵا مەلەکی، راوێژكاری سەرۆككۆماری ئێران رایگه‌یاند، "ناوچه‌ ئازاده‌كان ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر سنوور، رێكارە یاساییەكانیان تەواو بووە، بڕیاره‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ بە فەرمی بكرێنەوە".

ناوچەی ئازادی بازرگانی، شێوازێكی بازرگانی نێوان دوو وڵات یان زیاتره،‌ به‌ مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی رێگرییه‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی بازرگانی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ره‌سمی گومرگی بۆ هه‌موو یان به‌شێك له‌ كاڵا و به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزارییه‌‌ نیشتمانییه‌كان. به‌ گشتیی پرۆسه‌كه‌ ده‌خرێته‌ خزمه‌تی كامڵبوونی ئابووریی نیشتمانییه‌وه‌، به‌ ئامانجی زیادكردنی داهات، سامانی نیشتمانی، زیادبوونی ناوه‌ندی رێژه‌یی گه‌شه‌ی ئابووری و به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌مووان.

Fly Erbil Advertisment