پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە حەوزی ھەڵواسراو پەرەی پێدەدرێت

K24 - رانیە
گۆشتی ماسی، لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک خواردنێکی گرنگ لە لایەن ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان گرنگی پێدەدرێ و خواستی زۆری لەسەرە، ئەمە وایکردووە ھەم خاوەن پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی ھەوڵی زیادکردنی بەرھەمیان بدەن، ھەم حکومەت پلانی ئەوە دابنێ سامانی ماسی لەناوخۆ پێویستەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە .
پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە حەوزی ھەڵواسراو، شێوازێکی نوێی بەخێوکردن و پەرەپێدانی سامانی ماسییە لە ھەرێمی کوردستان، ئەم شێوازەی بەخێوکردنی ماسی لە دەریاچەکاندایە، ماسی جۆری کارب دەخرێتە ناو تۆڕ و لە دەریاچەکان دادەنرێ و خواردنی تایبەتی پێدەدرێ.
ئاراس رەسوڵ، خاوەن پڕۆژەی حەوزی ماسی ھەڵواسراوە، چەند ساڵێک پێش ئێستا لە دەریاچەی دوکان بە چوار حەوزی ماسی دەستیپێکردووە، دوای کۆکردنەوەی ئەزموون و سەرکەوتنی بیرۆکەکە ئێستا پڕۆژەکەی بۆ شەش ھێندە زیادیکردووە، وەک خۆی دەڵێ: نرخی دوو ھێندەی ماسی حەوزە و بەرھەمەکەشی کڕیاری تایبەتی ھەیە و لە بازاڕ نامێنێتەوە.
ئاراس دەشڵێت: "ماسیەکەمان زۆر تایبەتە و ئەمەش بە شایەدی کڕیارەکانمان، کە لە شوێنی زۆر دوورەوە بۆ ماسیەکەمان دێن، ماسیەکان لە ئاوێکی زۆر پاکدا بەخێو دەکەین و هیچ مادەیەکی زیانبەخشیان پێنادەین".
لە ھەرێمی کوردستان چەند شێواز و جۆری تری بەرھەم ھێنانی ماسی ھەیە، ماسی حەوز و ماسی لە چۆم و دەریاچەکان، لە چەند ساڵی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ سەدان ھەزار پەنجە ماسی کردووەتە دەریاچەکان و کارئاسانیشی کردووە خاوەن پڕۆژەکانی حەوزی ماسی، ماسی زیاتر بەرھەم بێنن.
بڕوا ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەشی سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەڕین، بە کوردستان24ی گوت: "لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر ماسی هەیە ماسی ئاوی سارد و ماسی ئاوی گەرم، ئەوەی زیاتر پەرەی پێدەدرێت ماسی کاربە ئەوەی دیکەشیان ماسی سەلەمونە لە ئاوی سارد، لە هەرێمی کوردستان زیاتر ماسی جۆرەکانی کارب بەخێو دەکرێت، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بەگشتی کەشی گەرمی زیاترە".
گۆشتی ماسی لەم ساڵانەی دواییدا، لەلایەن ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە، ماسی ناوخۆیی لەنێوان 60-65%ی پێداویستی ناوخۆیی پڕ دەکاتەوە، ئەوەی دیکە بەشێوازی جۆراو جۆر ھاوردە دەکرێ، پلانی حکومەت ئەوەیە لە چەند ساڵی داھاتوو سامانی ماسی بە شێوەیەک پەرە پێبدات، پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.