لە ئیندۆنیزیا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا نیوەی فەرمانبەران نێردرانە ماڵەوە

K24 – هەولێر:
دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا فەرمانیان بە %50ـی کارمەندانی کەرتی گشتی لە جاکارتای پایتەخت کرد، لەمڕۆوە لە ماڵەوە کار بکەن بۆ ماوەی دوو مانگ بە ئامانجی پاکڕاگرتنی کەشوهەوای شارەکە.
ئاگادارییەکی حکومەت کە کۆپییەکی دەستی ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە، تێیدا هاتووە، میکانیزمی کارکردن لە ماڵەوە پەیوەستە بە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە شارەکەدا لە میانی لوتکەی کۆمەڵەی گەلانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا "ئاسیان" مانگی داهاتوو، بۆ "کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا لە جاکارتا"، لە ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە نێوان 21ـی ئاب تا 21ـی ئۆکتۆبەر فەرمان کراوە بە %50ـی فەرمانبەرانی حکومی لە جاکارتا لە ماڵەوە کاربکەن.
جاکارتا و شارەکانی دەوروبەری رووبەرێکی گەورە پێکدەهێنن کە نزیکەی 30 ملیۆن کەس تێیدا دەژین و تێکڕای پیسبوون بە گەردیلەکانی PM 2.5 کە تیرەکەی کەمترە لە 2.5 مایکرۆمەتر لەو رێژەیە زیاترە کە لە شارە پیسبووەکانی دیکەدا تۆمارکراون.
چالاکوانان هۆکاری بەرزبوونەوەی تەمومژی ژەهراوی دەگەڕێننەوە بۆ کۆی کارگە و وێستگەکانی کارەبای خەڵوز لە نزیک جاکارتا، بەڵام حکومەت ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، زیادبوونی پیسبوونی کەشوهەوا لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی کەشوهەوا و هاتووچۆ.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای خزمەتگوزاری شارستانی پارێزگاکە تا مانگی تەمموز نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری حکومی لە جاکارتا کاریان کردووە.
هیرۆ بوودی، پارێزگاری جاکارتا بە وەکالەت، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، حکومەتە خۆجێیەکانی شارەکانی دەوروبەری پایتەختیش بیر لە رێکخستنی هاوشێوەی کارکردن لە ماڵەوە دەکەنەوە بۆ فەرمانبەرانی حکومی، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورتتر.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی جاکارتا سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە زووتر لەوەی پلانی بۆ دانراوە کۆتایی پێبهێنێت ئەگەر دەرکەوت کە سەرکەوتوو نەبووە.
بەپێی وتەی بەرپرسان، دەردانی گازی ژەهراوی لە ئۆتۆمبێلەکانەوە 44%ـی پیسبوونی هەوا لە جاکارتا پێکدەهێنێت، دواتر دەردانی گازی ژەهراوی لە کەرتی وزە کە دەگاتە 31%، هەروەها کەرتی بەرهەمهێنان 10%.