کچە مۆدێل و سەرمایەدارەکان لەرێگەی کڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەوە پارەکانیان سپیدەکەنەوە

K24 - هەولێر

تابلۆیەکی ئۆتۆمبێل لە مەزادخانەدا بە نزیکەی 300 ملیۆن دینار فرۆشرا، کە مەزادەکە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق بەڕیوەچوو.

 بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق، 36 تابلۆی ئۆتۆمبێلی بە ژمارەی جیاواز خستە مەزادەوە، چاودیرانیش ئەوە پشتراستدەکەنەوە و دەڵێن: زۆربەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ بەرپرسانی گەورە و جێبەجێکاران و سەرمایەداران دابینکراوە.

سەررچاوەیەکی ئاگادار گوتی: گەندەڵی زاڵە بەسەر دابەشکردنی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل، هەروەها سیاسییەکان و سەرمایەداران و کچە مۆدێلەکان دەستیان بەسەر ژمارە نایابەکاندا گرتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مەزادە فەرمییانەی بەڕێوەدەچێت، بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆیە.

سەرچاوەیەکی ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دەڵێت: پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن کەسایەتییەکی دیارەوە بۆ هاتووە کە پێی گوتووە دەتوانێت ژمارەییەکی نایابی بۆ تۆماربکات، جەختیشیکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی ژمارەی تابلۆکان و هەروەها ئۆتۆمبێلەکان، دەگەڕێتەوە بۆ سپیکردنەوەی پارە، دوای ئەوەی رێگەی بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ سەخت بووە.

Fly Erbil Advertisment