منداڵانی سلێمانی فێری 'یۆگا' دەکرێن

لە هەنگاوێکدا بۆ پەرەپێدانی توانا و بەهرەی منداڵان، "ماڵی هونەر و یۆگا" لە شاری سلێمانی دەستی بە خولەکانی فێرکردنی یۆگا و چالاکییە هونەرییە جۆراوجۆرەکان کردووە، بەو هیوایەی نەوەیەکی داهێنەر پێشکەش بە داهاتووی کوردستان بکات.

ئارین ئاسۆ، یەکێک لە منداڵە بەشداربووەکانی ئەم خولانە، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە ماڵی هونەر و یۆگا فێری وێنەکێشان و یۆگا دەبن، هەروەها فێری یارییە کوردەوارییەکان و چەندین بابەتی دیکە دەبن کە لە خولەکانی تردا بەردەست نین.

کازیا تاهیر، ڕاهێنەر لە ناوەندی هونەر و یۆگا، ئاماژەی بەوەدا کە منداڵان لە تەمەنی چوار تا 11 ساڵ وەردەگیرێن و ڕاهێنانی یۆگا ئەنجام دەدەن، گوتی، ئامانجیان ئەوەیە منداڵان لە تەمەنێکی بچووکەوە دەست بە یۆگا بکەن، چونکە یۆگا کاریگەرییەکی ئەرێنی لە هەرسێ لایەنی جەستەیی، ڕووحی و دەروونییەوە لەسەر داهاتوویان دەبێت.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، بایەخێکی زیاتر بە لایەنی جەستەیی و دەروونی دەدەن، چونکە منداڵان لە ئێستادا پێویستییان بە جەستەیەکی بەهێز و دەروونێکی ئارام هەیە و دەیانەوێت ئەو ئارامییە لەم ناوەندەدا بۆیان دەستەبەر بکەن.

ئیلیا ئاسۆ، منداڵێکی دیکەی بەشداربوو، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو شوێنە و گوتی، لەگەڵ منداڵانی دیکە یۆگا دەکەن، وێنە دەکێشن و چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن. ئەوەشی خستەڕوو "یۆگا ئارامییەکی زۆر بە جەستەت دەبەخشێت و دڵت خۆش دەکات."

زیوە ڕەنج، منداڵێکی تر کە بەشداری خولەکە بووە، بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، سوودێکی زۆری لە یۆگا بینیوە و زۆر ئارامی پێ بەخشیوە، هەست بە گۆڕانکاری دەکات و دڵی خۆش بووە، هەروەها ئارامتر و تەندروستتر بووە.

هیلا هێمنیش، یەکێکی دیکە لە بەشداربووان، باسی لەوە کرد کە یۆگا ڕووخسار لە تەمەنی خۆی بچووکتر دەردەخات و یارمەتی کەمکردنەوەی ئازارەکانی جەستە دەدات.

 
 
Fly Erbil Advertisment