ئەو دوو هەوادارە کوردەی بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەستگیرکرابوون ئازادکران

دوو هەواداری کورد کە بۆ سەیرکردنی یاریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چووبوونە سعوودیە و لەوێ دەستگیرکرابوون، ئازادکران و ئەمڕۆ گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە:'دوێنێ سێشەممە لەدوای هەوڵی بەردەوامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ حکومەتی شانشینی سعوودیە توانرا هەردوو هاووڵاتی سەباح محەمەد موسا و سالار کەریم عەزیز ئازاد بکرێن بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە کەسوکاریان شادبوونەوە'.
ئەو دوو هاووڵاتییە کە بۆ ئەنجامدانی عەمرە سەردانی سعوودییەیان کردبوو، رۆژی 12ـی مانگی رابردوو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعوودییەوە لە شاری تائف دەستگیرکرابوون و دوای نزیکەی مانگێک دوێنێ ئازادکران.
رۆژی 12/08/2023 یاریی کۆتایی جامی شا سەلمان لە شاری تائیف لە یاریگای شا فەهد لە نێوان نەسڕ و هیلال بەڕێوەچوو، کە لەو یارییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوو گۆڵی کرد و نەسڕ 2-1 لە هیلالی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب.